بڕیارە لە رۆژانی 11 تا 13ی ئەم مانگە، كۆڕبەندی ئەنتاڵیا لە توركیا بەڕێوە بچێت، هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی ئەحمەد شەرع بەشداریی تێدا دەكەن.
رۆژنامەی عەرەبی جەدید بڵاوی كردەوە، توركیا بەهیوایە لە پەراوێزی كۆبوونەوەكەدا، هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی ئەحمەد شەرع و سوودانی، كۆببنەوە و لەسەر چەندان پرس قسە بكەن.
كۆڕبەندی ئەنتاڵیا ساڵانە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی توركیاوە رێكدەخرێت، ژمارەیەكی زۆر سەركردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان بەشداریی تێدا دەكەن.
بەپێی هەواڵی ئەو میدیا عەرەبییە، كۆبوونەوەی سێ قۆڵیی ئەو سێ سەركردەیە، چەندان دۆسیەی هاوبەش لە نێوان عێراق و سووریا یەكلا دەكەنەوە.
توركیا بەنیازە ئەو كێشانەی لەمپەرن لە بەردەم حكوومەتەكەی ئەحمەد شەرعدا لایان بدات، كێشەی گەورەش عێراق و دەسەڵاتدارانی شیعەیە كە بەتەواوی لە ژێر هەژموونی ئێرانەوە دژایەتیی سووریای نوێ دەكەن.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی رای گەیاندبوو كە هاوكار دەبن بۆ ئەوەی سووریای نوێ ببێتە وڵاتێكی ئارام و سەقامگیر، هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی ئەو وڵاتە، بەشداریی لە بەڕێوەبردنی وڵاتەكەیاندا بكەن، هاوكات باسی لە هاوكاری و هاوئاهەنگیی كورد و دەسەڵاتی نوێی ئێستەی سووریا كردبوو و رای گەیاند، "بۆ ئەمە ئامادەی هەموو هاوكارییەكن".