ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمەریكی "ناسا" هۆشداریی لە كارەساتێكی گەورەی سروشتی دا بۆ ئەمەریكا كە پێشووتر ئەمەریكا كارەساتی هاوشێوەی بەخۆیەوە نەبینیوە و بە "لافاوی هەزار ساڵ" ناوی بردووە و لای خۆشییەوە ئاژانسی نیشتمانی كەشوهەوای ئەمەریكا ئاماژەی داوە، ئەم رووداوە سروشتییە دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاوێكی مێژوویی و چەندان سەتەیە ئەمەریكا بەخۆی نەبینیوە.
بەپێی ئاماژە كەشناسییەكان، هەر یەك لە ویلایەتەكانی ئەركنساس و كنتاكی لەگەڵ چەند ویلایەتێكی تری هاوسێیان دەبنە ناوچەی روودانی كارەساتە سروشتییەكە، بە جۆرێك لە ماوەی پێنج رۆژدا بارانێكی وا بەهێز و زۆر دەبارێت وەك ئەوەیە بەرێژەیەكی مامناوەند و ئاسایی چوار مانگ باران لەسەر یەك ببارێت.
بەڕای شارەزایان ئەم شەپۆلە بەهێزەی باران كە بەڕێوەیە دەبێتە هۆی خاپووركردنی ژێرخانی ئەو ناوچانەی لافاوەكان تیایدا روو دەدەن، چونكە لە چەند رۆژ و مانگی رابردوودا خاكی ئەو ناوچانە تێربوون بە ئاو لە ئەنجامی باران و چیتر ئاوی باران "ناخۆن" و لەخۆیانی ناگرن، بۆیە ئەوەی دەبارێت لەسەر زەوی دەمێنێتەوە و قەبارەی لافاوەكانیش گەورەتر دەكەن.
هەر لە هۆشدارییەكانی تری دەستە كەشناسیی و فەرمانگە پێوەندارەكانی تر هاتووە، پێشبینی دەكرێت رێژەی ئاوی رووبارەكان زۆر بەرز ببێتەوە و زیانێكی گەورەی گیانی و مادی بەدوای خۆیدا بهێنێت و هەر بۆیەش داوا لە دانیشتووانی نزیك لە رووبارەكان كراوە پێشوەختە ئامادەباشبن و ناوچەكان چۆڵ بكەن بۆ ئەوەی لەرووداوی نەخوازراو دووربن و زیانی گیانی لێ نەكەوێتەوە.
"لافاوی هەزار ساڵە" چەمكێكی كەشناسییە زانایانی بوارەكە بەكاری دەهێنن بۆ ئەو دیاردە سروشتیانەی كە لە ماوەی هەزار ساڵ جارێك روودەدەن و بەوە جیا دەكرێنەوە زیان و گوڕی شەپۆلەكەیان زۆر بەهێزە.