هێرشەكان بەردەوامن.. ئەمەریكا باكوری یەمەن بۆردمان دەكات

:: AM:08:41:13/04/2025 ‌
میدیاكانی حووسییەكانی یەمەن ئەمڕۆ بڵاویان كردەوە، شەوی رابردوو ئەمەریكا لە 10 هێرشدا باكوری یەمەنی كردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەیش چەند ئامانجێكیی سەربازیی بۆردمان كردووە. ئەمەریكایش دەڵێ لە هێرشەكانیان بەردەوام دەبن تا ئەو گرووپە بەتەواوی لاواز دەكەن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 13ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، كەناڵی "مەسیرە" كە سەربە حووسییەكانی یەمەنە و بڵاوی كردووەتەوە، ئەمەریكا شەوی رابردوو پێنج هێرشی كردووەتە سەر پەیمانگەی پیشەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی سەومەعە لە پارێزگای بەیزا، هەروەها لە ناوچەكانی سەعدەدا سێ هێرش بۆ سەر سەهلەین لە بەڕێوەبەرایەتیی ئال سالم ئەنجام داوە، هاوكات دوو هێرشی تر كراوەتە بەڕێوەبەرایەتیی مونیرە.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریكایش هەینیی رابردوو رای گەیاند، هێرشەكانی بۆ سەر حووسییەكان بەردوام دەبن تا ئەو گرووپە بەتەواوی لاواز دەكات و ئیتر نەتوانێ هەڕەشە لە كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور بكات.

ئەوە لە كاتێكدایە ئەمەریكا لە 15ی ئاداری رابردووەوە هێرشەكانی بۆ سەر یەمەن و حووسییەكان دەست پێ كردووە، بەوەیش زیانی زۆری پێ گەیاندوون و ژمارەیەكی زۆر لە چەكدار و فەرماندەكانی كوشتوون. 

دواتریش حووسییەكان دەڵێن، ئەوان ئامادەن هێرشەكانیان لە دژی ئیسرائیل بوەستێنن ئەگەر ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر غەزە رابگرێت، یان رێگە بدات هاوكارییە مرۆییەكان بگەنە هاووڵاتییانی ئەو كەرتەی فەلەستین.

لە مانگی نۆڤێمبەری 2024وە حووسییەكانی یەمەن كە سەربە ئێرانن، بە بیانووی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی حەماس فەلەستینی كە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدایە، هەروەها فراوانبوونی شەڕەكە بۆ سەر لبنان و باشوورەكەی كە حزبوڵای لبنان كۆنترۆڵی كردبوو كە دواتر ئیسرائیل لاوازی كردن، بە درۆن و مووشەك هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور، هاوكات هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر كردووەتەوە، دواتریش ئیسرائیل و ئەمەریكا و بەریتانیا لە چەندان هێرشیان بۆ سەر حووسییەكان، زیانی زۆریان پێ گەیاندوون، وێڕای ئەوەی تا ئێستەیش حووسییەكان لە هێرشەكانیان بەردەوامن.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د