رۆژنامەی نیۆرك تایمز لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای ئەمەریكییەوە بڵاوی كردووەتەوە كە ئەمەریكا دەستی كردووە بە كشاندنەوەی سەتان سەرباز لە هێزەكانی خۆی لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا.
درەنگانی دوێنی شەوی رابردوو پێنجشەم 17ی نیسان، رۆژنامەی نیۆرك تایمزی ئەمەریكی لە دوو بەرپرسی باڵای سەربازی ئەمەریكییەوە گواستوویەتییەوە، سوپای ئەمەریكا سێ بنكەی سەربازی بچووكی لە كۆی هەشت بنكەی سەربازی لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا داخستووە.
رۆژنامەكە لە زاری دوو بەرپرسە باڵا ئەمەریكیەكە ئاماژەی بەوەیش كردووە، داخستنی ئەم سێ بنكە سەربازییە بچووكە ژمارەی سەربازانی ئەمەریكای لە سووریا بۆ هەزار و 400 سەرباز كەم دەكاتەوە.
جێگەی ئاماژەیە لە ئێستەدا دوو هەزار سەربازی ئەمەریكی لە سووریادان و زۆربەیشیان لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریان لە چوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش و بە كۆتاییهاتنی قۆناغی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكاش ژمارەی سەربازەكانی لەم وڵاتە كەم دەبێتەوە بۆ هەزار سەرباز. "ئەمەیش بە پێی قسەی دوو بەرپرسەكە".