لە دیمانەیەكدا وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداریی دا كە ئەگەر ئەمەریكا و ئێران لە دانوستانەكەیاندا رێنەكەون و شكست بێنێت، كارەسات لە ناوچەكەدا دەخوڵقێت، بۆیە هیوای سەركەوتنی ئەو دانوستانە دەكەن.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 29ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە دیمانەیەك لەگەڵ "شەرق" دووپاتی كردووەتەوە، عێراق بەهەمو تواناكانی پاڵپشتی لە دانوستانی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەكات، هیوا دەخوازین ئەو دانوستانە سەركەوتن بەدەست بێنێت و ئەنجامی باشی هەبێت و ناوچەكە سەقامگیر بێت، ئەگەر نا ئەو دوو وڵاتە بگەنە ئاستی شكست، لە ناوچەكەدا كارەسات دەخوڵقێت.
حوسێن دووپاتی كردەوە كە ئەو دانوستانەی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر حیسابی لایەنەكانی تری ناوچەكە نەبێت.
لەبارەی سەرچاوەی غاز بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق كە پێشتر 33%ی پشتی بە غازی ئێران بەستبوو، بەڵام ئێستە بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، عێراق ناچارە بۆ سەرچاوەیەكی تری جیاواز لە ئێران بگەڕێت، بۆ ئەوەیش خەریكی گفتوگۆن لەگەڵ توركیا و ئوردن و وڵاتانی كەنداو بۆ دەستكەوتنی غاز بۆ كارەبا.
لەبارەی سەردانەكەی بۆ واشنتن و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سووریا، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، لە گفتوگۆكاندا دەركەوت كە ئیدارەی ئەمەریكا هەشت مەرجی بۆ ئیدارەی نوێی سووریا داناوە، لەناویاندا چەند مەرجێكی هەستیار هەن، بۆ نموونە بوونی چەكدارە بیانییەكان لەو وڵاتە. راستییەكەی ئەو خاڵە هەموو ناوچەكە و وڵاتانی رۆژئاوایشی خستووەتە دڵەڕاوكێوە، بەتایبەتی وڵاتە نزیكەكانی سنووری سووریا.
دواتریش فوئاد حوسێن پێی لەسەر ئەوە داگرت كە گرەنتیی سەقامگیریی سووریا، بۆ عێراق زۆر گرنگە. دووپاتی كردەوە كە عێراق زۆر بایەخ بە دۆخی سووریا دەدات و هەر رووداوێك لەو وڵاتە بە ئەرێنی یان نەرێنی روو بدات، كاریگەریی لەسەر عێراقیش دەبێت.