پەرلەمانتارێكی ئێرانی: ئەگەر هەیە تەقینەوەكەی بەندەری رەجائی هێرش بووبێت

:: PM:08:17:29/04/2025 ‌

شەمووی رابردوو تەقینەوەیەكی بەهێز بەندەری رەجائی ئێرانی لە بەندەر عەباس هەژاند و بووە هۆی زیانێكی گەورەی گیانی و مایەكی، بە پێی ئامارەكان 75 كەس كوژراون و زیاتر لە 1200 كەسیش بریندارن، 10 هەزار كۆنتێنەر سووتاوە و زیانی گەورەی دارایی كەوتووەتەوە، پەرلەمانتارێكی ئێرانی دەڵێت، هێرشێكی درۆنی یان تێكدەرانە یەكێكە لە سیناریۆ بەهێزەكانی رووداوەكەیە.

محەمەد مەهدی شەهریاری ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رای گەیاند، رەنگە تەقینەوە گەورەكەی بەندەری رەجائی لە باشووری ئێران بەهۆی هێرشێكی درۆنییەوە بووبێت، لەوكاتەی ئەگەری كارێكی بە مەبەستی تێكدەرانە بە دوور نازانین.

روونی كردەوە، یەكێك لە سیناریۆ گریمانكراوەكان بەكارهێنانی درۆنێكی بچووكە لە تەقینەوەكە، بۆیە ئەگەری دزەكردن یان كاری خراپەكاری دوور نەخراوەتەوە و هەیە، ئەگەریش هەیە تەقینەوەكە رووداوێكی ئاسایی یان بەهۆی كەمتەرخەمییەوە بووبێت، دەزگە تەناهییەكان بەدواداچوون بۆ ئەگەری كارێكی تێكدەرانە دەكەن.

لەوكاتەی وەزیری ناوخۆی ئێران وای لە قەڵەم كە ئەگەری زۆرە رووداوەكە بەهۆی كەمتەرخەمیی كارمەندان و خراپیی ئیدارەدان و فەرامۆشكردنی رێنوێنییەكانەوە رووی دابێت، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە دەكات كە یەكێك لە سیناریۆ سەرەكییەكان رووداوەكە كارێكی تێكدەرانە لە رێگەی درۆنێكی بچووك یان دزەكردن بۆ بەندەرەكە بووە و لە لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو ئەگەرانە بە ودری تاوتوێ دەكەین.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە كاتی تەقینەوەكە هاوكاتە لەگەڵ گفتوگۆ ناراستەوخۆكانی ئێران و ئەمەریكا و ئەگەر هەیە چەند لایەنێكی نەیار بۆ گفتوگۆكان هەوڵی بەربەست تێخستنی بدەن، بەڵام هێشتا لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و كۆتاییان نەهاتووە و ناكرێت ئێستە بگەین بە ئەنجامی كۆتایی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل