هاوسەری جۆرج كڵۆنی كە ئەستێرەیەكی ناوداری هۆڵیوودە، بە فەرمانێكی سەرۆكی ئەمەریكا، چوونە ئەمەریكای لێ قەدەغە دەكرێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئەمەل كە پارێزەرە و لەگەڵ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كار دەكات، پێشتر راوێژی بۆ ئەو دادگایە كردووە بۆ دەركردنی بڕیاری گرتنی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 30ی نیسان، لە رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ی بەریتانیی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، ئەمەل عیلمەدین كە پارێزەرە و دەكاتە هاوسەری هونەرمەند جۆرج كڵۆنی، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كار دەكات و پێشتریش راوێژی بەو دادگایە دابوو بۆ گرتنی نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بەتۆمەتی پێشێلی یاساكان و جینۆسایدی كەرتی غەزەی فەلەستینی، بۆیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە بڕیارێكیدا، سزای بەسەر دەیان بەرپرس و پارێزەر و فەرمانبەری دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی دەركرد، یەك لەوان ئەمەل عیلمەدینە كە بەڕەسەن لبنانییە و لە بەریتانیا پەروەردە بووە، چوونە ناو ئەمەریكای لێ قەدەغە كراوە كە پێشتر لەو وڵاتە كاری پارێزەرایەتیی دەكرد.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هۆشداریی دابووە ژمارەیەك پارێزەر كە كار بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەكەن، رووبەڕووی سزای ئەمەریكا دەبنەوە كە بەپێی فەرمانی جێبەجێكردنی ژمارە 14203 كە ترەمپ لە شوباتی رابردوو واژووی لەسەر كردووە، تێیدا هاتووە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی چەندان كاری ناشەعی كردووە كە هیچ بنەمایان نییە، بۆ ئەوەیش ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی وەك ئیسرائیلی كردووەتە ئامانج. بۆیە ئەمەل عیلمەدین و چەندان بەرپرس و پارێزەر و فەرمانبەری ئەو دادگایە، سزا دراون.
ئەمەل عیلمەدین كە هاوسەری جۆرج كڵۆنییە و لەو سزایەی ئەمەریكا ناوی بە "ئەمەل كڵۆنی" هاتووە، تەمەنی 47 ساڵە و لە لبنان لە دایك بووە. ئێستەیش پارێزەرە و كارەكانی لە نێوان بەریتانیا و ئەمەریكا بەڕێوە دەبات و خاوەنی دوو منداڵی جمكە و شوێنی نیشتەجێبوونیشی بەریتانیایە.