لە عێراق خۆڵ دەبارێت و لە كوردستانیش پلەی گەرما بەرز دەبێـتەوە

:: AM:11:15:30/04/2025 ‌
لە ئێوارەی دوێنێ سێشەمەوە خۆڵبارین عێراقی گرتووەتەوە و ئەگەری چڕبوونەوەی شەپۆلەكە زیاترە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستانیش ڕای گەیاند، پلەكانی گەرما كەمێك بەرز دەبنەوە.

كەشناسیی عێراق لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت، لە سبەی شەوەوە شەپۆلێكی خۆڵبارینی چڕ كە سەرچاوەكەی میسر و وڵاتانی شامە، عێراق دەگرێتەوە و هەتا بەیانی شەموو بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی پێشبینییەكانی كەشناسیی عێراق، لەم ماوەیەدا بەهۆی خۆڵبارینەوە مەودای بینین كەم دەبێتەوە، پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبنەوە، لە هەندێك ناوچەی دیاریكراویش باران دەبارێت.

كەشناسی هۆشداریش دەداتە هاووڵاتییان لە سبەی شەوەوە هەتا بەیانی شەموو، خۆیان بەدوور بگرن لە گەشتكردن بە رێگەی وشكانی و دەریایی، ئەو كەسانەش كە كێشەی هەستیاری و رەبۆیان هەیە، رێوشوێنی پێویستیی خۆپارێزی بگرنەبەر.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، كەشی پێشبینیكراوی 48 سەعاتی داهاتووی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، پلەكانی گەرما كەمێك بەرز دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسیی هەرێم بڵاوی كردەوە، پێشبینی دەكرێت كەشی ئەمڕۆ چوارشەم 30ی نیسان، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور بێت، لەگەڵ ئەگەری بوونی كەمێك تۆز و خۆڵ لە كەشدا. هەروەها پلەكانی گەرما یەك تا دوو پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆماركراوەكانی دوێنێ بەرز دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، پێشبینی دەكرێت كەشی سبەی پێنجشەم یەكی ئایار،  ئاسمان ساماڵ بێت و لە كاتەكانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و هەوری تەواو، هەروەها پلەكانی گەرما كەمێك بەرز دەبنەوە بەراورد بە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر : 36 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 32 پلەی سیلیزی

دهۆك : 35 پلەی سیلیزی 

كەركووك : 38 پلەی سیلیزی 

زاخۆ : 35 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 32 پلەی سیلیزی

سۆران : 32 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 23 پلەی سیلیزی

گەرمیان :39 پلەی سیلیزی




وشە - سۆران عەزیز