لە چوار مانگدا 12 هەزار پەنابەر لە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە گەڕاونەتەوە سووریا

:: PM:12:07:30/04/2025 ‌
نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای كرد، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 12 هەزار پەنابەری سووری لە شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان.

نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر پارەی  پێویست دابین نەكرێت، رەنگە پلانی گەڕانەوەی یەك ملیۆن و 500 هەزار پەنابەر و ئاوارەی سووری بۆ ساڵی 2025 سەر نەگرێت، چونكە لە كۆی 575 ملیۆن دۆلار لە بودجەی دەستنیشانكراو، تەنیا 71 ملیۆن دۆلار خەرج كراوە.

كۆمیسیاری باڵای كاروباری پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە راپۆرتێكدا لەبارەی دۆخی ئاوارە و پەنابەرانی سووری رای گەیاندووە، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا 12 هەزار پەنابەری سووری، لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە رێگەی هەردوو دەروازەی پێشابوور و قایمەوە گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان.

كۆمسیارەكە دەڵێ، خەرج نەكردنی گوژمەی هاریكاری پێویست بەربەستی دروست كردووە، بەو پێیەی زیاتر لە 16 ملیۆن كەس لە ناوخۆی سووریا كە 90%ـی رێژەی تێكڕای دانیشتووان پێك دەهێنن، حەوت ملیۆن و 400 هەزاریان ئاوارەی ناوخۆیین، پێویستیان بە هاریكاری مرۆیی هەیە.

لە ساڵی 2011ـەوە بەهۆی شەڕ و ململانێ ناوخۆییەكانی سووریاوە، سەتان هەزار كەس لە هاووڵاتییانی سووریا ئاوارەی وڵاتانی ناوچەكە بوون، لەو ژمارەیەش، زیاتر لە 264 هەزار هاووڵاتیی سووری لە هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵێكدا لە كەمپ و كۆمەڵگەكان نیشتەجێ كران.



وشە - سۆران عەزیز