گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا پێوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە 12ی ئەم مانگە دەستیان پێ كرد، لەو ساتەوە سێ گەڕی گفتوگۆكان بەڕێوە چووە و هەردوولا چەندان سەعات ناراستەوخۆ لە مەسقەت و رۆما لەسەر چەند خاڵێك گفتوگۆیان كردووە، هاوكات لەو ماوەیە دۆخی ناوچەكە تا ئاستێك هێور بووەتەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق وریایی لە ئەگەری شكستهێنانی گفتوگۆكان دەدات.
بەشێك لە
شارەزایان پێشبینی دەكەن ئێران بە تەواوی مەرجەكانی ئەمەریكا رازی نەبێت و تەنیا دەیەوێ كات بكوژێت، ئەمەریكاش ئەوە دەزانێت، ئەویش خەریكی خۆرێكخستنەوەیە لە ناوچەكە و هەردوولا خۆیان بۆ دوای راگەیاندنی شكستهێنانی گفتوگۆكان ئامادە دەكەن، ئەگەرچی هەردوولا چاوێكیان لەسەر رێككەوتنێكە كە لە بەرژەوەندیی خۆیان بێت، ئەوەش زەحمەتە.
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە "سكای نیوز عەرەبی" راگەیاند، ئەوكاتەی پێوەندییەكانی ئێران و ئەمەریكا ئاڵۆز دەبێت، بە نەرێنی كار لە دۆخی عێراق دەكات، بۆیە شكستهێنانی گفتوگۆكان مەترسیدارە و بە نەرێنی كار لە عێراق دەكات و بۆ تەواوی ناوچەكەش مەترسیدارە.
حوسێن روونی كردەوە، ئێستە گفتوگۆیەكی ستراتیجی لە نێوان عێراق و ئەمەریكا هەیە و بەمنزیكانە گەڕێكی تری گفتوگۆكانیان بەڕێوە دەچێت، سەبارەت بە بانگهێشتنی سەرۆكی كاتیی سووریاش بۆ لووتكەی عەرەبی لە بەغدا روونی كردەوە، ئەو بانگهێشت كراوە و بەشداریكردنی بابەتێكی سەروەرییە، گفتوگۆكانمان لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە دۆخی تەناهی بەردەوامە و دووپاتمان لەسەر دامەزراندنی ناوەندێكی هاوبەش كردووەتەوە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری لەبارەی داعشەوە.