سیناریۆكانی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی هیندستان و پاكستان چین؟

:: PM:05:34:30/04/2025 ‌

لە دوای هێرشەكەی هەرێمی كشمیری هیندستانی لە 23ی ئەم مانگە، كە بووە هۆی كوژرانی 26 گەشتیاری هیندۆسی، دۆخی نێوان هیندستان و پاكستان ئاڵۆز بوو و نیودلهی ئیسلام ئابادی بە تێوەگلان لە هێرشەكە و پاڵپشتیكردنی ئەنجامدەران تۆمەتبار كرد، خەریكە كار و كاردانەوەی هەردوو وڵات بەرەو شەڕیان دەبات، شارەزایەكی سەربازی باسی سیناریۆكانی پەرەسەندنی دۆخی ئاڵۆزی نێوان هەردوو وڵات دەكات.

لەوكاتەی دوێنێ سەرۆك وەزیرانی هیندستان سوپای وڵاتەكەی لە وەڵامدانەوەی هێرشەكە لە ناو خاكی پاكستان سەرپشك كرد، پاكستان دووپاتی كردەوە كە زانیارییان هەیە بەوەی هیندستان پلانی هەیە هێرشێكی سەربازی بكاتە سەر خاكی پاكستان، محەمەد رەفعەت جاد شارەزای سەربازی و ستراتیجی دەڵێت، دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزیی زیاترە و سێ سیناریۆ لەئارادەیە.

روونی كردەوە، مەترسیدارترین سیناریۆ دروستبوونی شەڕ و پێكدانانی فرەوانە لە بەرەی كشمیر و پەرەسەندنی بۆ تەواوی سنوورەكانی نێوان هەردوو وڵات، دووەم سیناریۆ كە كەمتر مەترسیدارە، ئەوەیە هیندستان چەند گورزێك لە پاكستان بوەشێنێت و پاكستانیش وەڵامی بداتەوە، سیناریۆی سێیەم كە نزیكترینە ئەوەیە جموجۆڵێكی نێودەوڵەتی بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە دەست پێ بكات بۆ رێگرتن لە دروستبوونی شەڕ. 

ئەو شارەزایە دووپاتی لەوە كردەوە كە مەترسیی ئەوەش هەیە دۆخەكە بگاتە پەرەسەندنی ئەتۆمی بەهۆی ئەوەی هەردوو وڵات خاوەن چەكی ئەتۆمین، كە بەپێی توێژینەوەی پێشتر پێشبینی كرابوو هەر شەڕێكی ئەتۆمیی هەردوو وڵات ببێتە هۆی كوژرانی زیاتر لە 125 ملیۆن كەس، جیا لە گۆڕانكاریی كەشوهەوا لە دنیا، بۆیەش ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە هەردوو وڵات كردووە ددان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بپارێزن.

شایەنیباسە هیندستان وپاكستان سێ شەڕیان كردووە لە سالانی 1947 و 1965 كە لەسەر هەریچمی كشمیر بووە، شەڕی 1971 لە دزوای هەوڵی جیابوونەوەی پاكستانی رۆژهەلات، كە ئێستە بەنگلادیشە، لەو شەڕانە هەردوو وڵات زیاتر لە سێ ملیۆن كوژراو و ئاوارەیان هەبوو، جیا لە زیانی گەورەی ئابووری، كە تا ئێستەش بەدەستیەوەدەناڵێنن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل