ئێران خەریكی دەستوەردانە لە كاروباری سووریا و ئوردن

:: PM:06:20:30/04/2025 ‌

ئەو شكستە گەورەی ئێران لە سووریا رووبەڕووی هاتەوە كەم نەبوو، ئەو جیا لە تەرخانكردنی ژمارەیەكی زۆری چەك و چەكدار و میلیشیا و شارەزای سەربازی و خەرجكردنی چەندان ملیۆن دۆلار لەو وڵاتە، شێكی وای لێ قازانج نەكرد، ئێستە جیا لە میلیشیا شیعەكان، دەیەوێ لە رێگەی ئیخوانەكان دەست بخاتە ناو كارەكانی ئوردنیش، دوای ئەوەی توانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بۆ لای خۆی رابكێشێت.

ماڵپەڕی "میدیا لاین"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات، ئێران خەریكی هەنگاونانە بەرەو بنیاتنانەوەی دەسەڵاتە سەربازی و سیاسییەكانی لە سووریا لە رێگەی دروستكردنی ناكۆكیی ناوخۆیی لە رێگەی شیعەكان و مەشق و راهێنان بە لایەنگرانی رژێمی بەشار ئەسەد لە چەند سەربازگەیەك لە بیابانەكانی عێراق.

چەند شایەتحاڵ و سەرچاوەی هەواڵ ئاماژەیان كرد، ئەو سەربازگانە كەوتوونەتە پارێزگای ئەنبار لە نزیك سنوورەكانی سووریا و لە لایەن ئەفسەرانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپێكی چەكداری عێراقییەوە سەرپەرشتی دەكرێن و هەزاران شەڕوانی سەر بە رژێمی پێشووی سووریایان تیادایە، كە لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ عێراق هەڵاتن، ئێستە ئەوانە لە ناوچەكانی قائیم و جەرف سەخر لە ژێر مەشقن.

راپۆرتەكە باسی ئەوەشی كرد كە رامی مەخلووف كوڕی خاڵی بەشار ئەسەد، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ  سوهێل حەسەن سەركردەیەكی سەربازیی پێشووی سوپای ئەسەد و پێوەندیدار بە سوپای رووسیا، خەریكی رێكخستنی هێزێكی بژاردەیە بە ناوی پاراستنی خەڵكی ناوچە كەناراوییەكانی سووریا، كە شیعەی عەلەوین، ئەوەش شارەزایان بە هەوڵێكی ئێرانی دەزانن بۆ بنیاتنانەوەی هێزێكی سەربازیی شیعە لە سووریا، جیا لە بەكارهێنان و هاندانی هۆز و تایفەكانی سووریا بۆ دروستكردنەوەی شوێنپێیەكی خۆی لەو وڵاتە.

هەرچی ئوردنە كە گۆڕەپانی سیاسی لەو وڵاتە بە دەست پەرەسەندنێكی كۆن لە مامەڵەكردن لەگەڵ گرووپی ئیخوان موسلیمین دەناڵێنێت، ئەوەش دوای ئەوە دەزگە تەناهییەكانی ئەو وڵاتە شانەیەكی تێكدەرانەی سەر بەو گرووپەیان ئاشكرا كرد، لەناو بوونی وریایی لە پێوەندیی ئەوان بە ئێرانەوە.

د. نەبیل عەتووم شارەزا لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، گرووپی ئیخوانی موسلمین بووەتە ئامرازێكی ئێران بۆ تێكدانی ئاسایشی ئوردن بەكار دەهێنرێت، ئەوەش لە رێگەی دروستكردنی چەند شانەیەك كە بەپێی شێوازی كاری سوپای پاسدارانی ئێران كار دەكەن، لەوانە راهێنان لەسەر دروستكردنی تەقەمەنی و مووشەك كە لە لبنان لەسەر دەستی شارەزایانی ئێرانی و حەماسەوە، ئەو ئەجیندایەش لەگەڵ پلانەكانی ئێران یەك دەگرێتەوە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هێز لە ناوچەكە لە رێگەی ئامرازی ناوخۆییەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل