لەوكاتەی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بەردەوامە، دوێنێ فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن وریایی لە ئەگەری شكستهێنانی گفتوگۆكان دا، بەوەی كاریگەریی سیاسی و تەناهی لەسەر دۆخی ناوچەكە و عێراق دەبێت، شارەزایان پێیان وایە عێراق دەیەوێ خۆی لەو كاریگەرییانە بپارێزێت، ئەوەش مەبەستێكی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی عێراقە بۆ واشنتن.
ئیحسان شمەری سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسی و مامۆستای زانكۆی بەغدا پێی وایە سەردانەكەی حوسێن بۆ ئەمەریكا بۆ پێشبینیكردنیەتی بەوەی ئەگەری هەیە گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا بەهۆی سازشنەكردنەوە نەگات بە رێككەوتن، بۆیەش وریایی لە ئەگەری شكستهێنانی دا، لەو حاڵەتەش، واتە رێكنەكەوتن و دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەی هەردوولا، كاریگەریی نەرێنی لەسەر ناوخۆی عێراق دەبێت، بۆیە عێراق گرنگی بەو گفتوگۆیانە دەدات و بە نزیكی چارەنووسی پرۆسەی سیاسی، نەك رژێمەكەی بە ئەنجامی گفتوگۆكانەوە بەستراوەتەوە.
روونی كردەوە، پێدەچێت وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن هەوڵی ئەوە بدات ئیدارەی ترەمپ دۆسیەی عێراق لە دۆسیەی ئێران جیا بكاتەوە، ئەو نیگەرانیەش بەهۆی ئەوەیە كە لە حاڵەتی شكستهێنانی گفتوگۆكان خاكی عێراق دەبێتە گۆڕەپانێكی رووبەڕووبوونەوە و لە هەر وڵاتێكیتر زیاتر كاریگەریی دەكەوێتە سەر.
لای خۆیەوە رەمەزان بەدران توێژەری سیاسی دەڵێت، كاتی سەردانەكەی حوسێن بۆ واشنتن گرنگ و هەستیارە، تا ئاستێكی زۆر پێوەندیی بە گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكاوە هەیە، چونكە دۆخی عێراق راستەوخۆ وابەستەیە بە دۆخی ئێران لە ناوچەكە، بەتایبەتی كە تاران چەند باڵێكی سەربازی لەناو عێراق هەیە و ئەوان لە كاتی بەریەككەوتنی تاران و واشنتن بەرژەوەندی و بوونی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە دەكەنە ئامانج و ئەمەریكاش وەڵامیان دەداتەوە، ئەوكات عێراق دەكەوێتە هەڵوێستێكی شەرمەزاریی دیپلۆماسی و بێتوانا لە بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی.
ئەو توێژەرە دووپاتی كردەوە كە لێدوانەكەی فوئاد حوسێن و وریاییدانی بەوەی عێراق دەكەوێتە بەر رەشەبا لە حاڵەتی هەر بەریەككەوتنێك، چونكە ناتوانێت كۆنترۆڵی بەرەی ناوخۆیی بكات، بەتایبەتی كە میلیشیا و شیعەكان رایان گەیاندووە ئەگەر بووە شەڕ بەرگری لە ئێران دەكەن.