بەگوێرەی زانیارییەكانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەسەرۆكایەتیی ئەمەریكا، كاروانێكی گەورەی هاوكاریی سەربازی و لۆجیستیی لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە، ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان كردووە.
ڕوانگەكە باسی لەوە كردووە، شەوی رابردوو هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، كاروانێكی نوێیان ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان كردووە كە لە نزیكەی 30 بارهەڵگر پێكهاتووە، ئامێری لۆجستی و پزیشكی و زرێپۆشی سەربازییان لەخۆ گرتووە.
لە هەواڵی روانگەكەدا ئەوەش هاتووە، كاروانەكە لە هەرێمی كوردستانەوە و لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی وەلیدەوە چوونەتە ڕۆژئاوای كوردستان، ڕوویان لە بنكە سەربازییەكانی سەربە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە ناوچەكە كردووە.
ئەوەش لە كاتێكدایە ڕۆژی سێشەم، كاروانێكی سەربازیی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی وەلیدەوە، چوونە ناو خاكی سووریا و بەرەو بنكەی قەسرەك لە باكوری پارێزگای حەسەكە چوون.
ناردنی چەك و جبەخانەی سەربازیی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ سووریا، لە كاتێكدایە پێشتر راگەیەنرا هێزی ئەمەریكی لەو وڵاتە كەم دەكرێـتەوە، هاوكات ماوەی چەند رۆژە شەڕ و ئاڵۆزی لە نزیكی دیمەشق هەیە و درووزییەكان لە چەندان شوێنەوە پەلاماری سوپای حكوومەتیان داوە و تا ئێستەیش دۆخێكی نائارام لە ناوچەكەدا هەیە.