بەهۆی جەنگەكەوە برسێتی لە سوودان گەیشتووەتە لووتكە

:: AM:11:30:01/05/2025 ‌
بەرنامەی خۆراكی جیهانی هۆشداریی داوە كە كەشوهەوا و كەمیی خۆراك لە سوودان، هەڕەشەی رژد لە خەڵكی ئەو وڵاتە دەكەن و برسێتی گەیشتووەتە لووتكە كە زیاتر لە 24 ملیۆن سوودانی، رووبەڕووی برسێتیی رژد بوونەتەوە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، ئەو جەنگە ناوخۆییەی سوودان لە نێوان هێزەكانی پاڵپشتیی خێرا و سوپای ئەو وڵاتە، ماوەی دوو ساڵە دەستی پێ كردووە و تا ئێستەیش بەردەوامە، گەورەترین كارەساتی برسێتیی لەو وڵاتە دروست كردووە كە بەتایبەتی منداڵان قوربانیی یەكەمن. وەك رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی پێ دەدات، 24 ملیۆن و 600 هەزار سوودانی رووبەڕووی برسێتیی رژد بوونەتەوە.

وەك ئاماژە دراوە، 638 هەزار كەس لەو وڵاتە، تووشی برسێتیی كارەساتاوی بوون كە بە قۆناغی پێنجەمی برسێتی ناو دەبرێت، ئەوەیش لە تەواوی دنیادا بەرزترین ژمارەیە. دووپات لە برسێتیی 10 پێگە لە سووان كراوەتەوە كە هەشتیان لە دارفۆرن، هەروەها خێوەتگەی زەمزەم و دوو پێگە لە چیاكانی نۆبەی رۆژئاوایین.

باس لەوە دەكرێ كە 17 ناوچەی تر مەترسیی برسێتییان لەسەرە، لەناویاندا خەرتووم و چەندان ناوچەی تر، لەو شوێنانە لەناو سێ منداڵ، یەك منداڵ تووشی بەدخۆراكی بووە. ئەویش بەپێی زانیارییەكانی بەرنامەی خۆراكی جیهانی.

لەلایەكی تریشەوە ئەنتۆنیۆ گۆتیریس ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، دڵەڕاوكێی خۆی لەبارەی دۆخی سوودان راگەیاند و بە كارەسات ناوی برد، بەتایبەتی ویلایەتی باكوری دارفۆری سوودانی كە تووشی هێرشێكی زۆر توندوتیژ بوو. ئەو هێرشانە دوای دوو هەفتە بەسەر ئەو هێرشە تێدەپەڕێت كە كرایە سەر خێوەتگەكانی زەمزەم و ئەبو شۆك، ئەو خێوەتگانە تایبەتن بە ئاوارەكان و تووشی برسێتییەكی زۆر بوون. وەك میدیاكان بڵاویان كردەوە، لەو هێرشانەدا سەتان كەسی سڤیل كوژراون، لەناویاندا ئەو كەسانە هەن كە لە بواری مرۆیی كار دەكەن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د