شاخەوان عەبدوڵا بۆ توركیا: پشكی عێراق لە ئاو گرەنتی بكەن

:: AM:11:54:01/05/2025 ‌
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، شاخەوان عەبدوڵا سەرۆكی شاندی عێراق لەگەڵ هاوتا توركییەكەی، دۆسیەی ئاویان تاوتوێ كرد.

ئەمرۆ پێنجشەم یەكی ئایار، نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، "لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی پەرلەمانیی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ كە لە توركیا بەڕێوە دەچێت، شاندی عێراق بە سەرۆكایەتیی د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، لەگەڵ مەولوود چاویش ئۆغڵۆ سەرۆكی شاندی پەرلەمانی توركیا كۆ بووەوە."

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: شاخەوان عەبدوڵا و چاویش ئۆغڵو، تاوتوێی ژمارەیەك پرس و بابەتی جێی بایەخی هەردوو وڵاتیان كرد. لەوانە فراوانكردنی قەبارەی هاوكاریی لە بواری ئابووری و وەبەرهێنان و پتەوكردنی پێوەندییە دووقۆڵییەكانی هەردوو وڵاتی دراوسێ."

هەروەها سەرۆكی شاندی عێراق داوای لەلایەنی توركیا كرد، پشكی عێراق لە ئاو گرەنتی بكەن، بەشێوەیەك پێویستییەكانی دابین بكات و شوێنەواری وشكەساڵی كەم بكاتەوە بەتایبەتی لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا.



وشە - سۆران عەزیز