دەوڵەت باخچەلی دژی "كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كورد" هاتە دەنگ

:: PM:12:14:01/05/2025 ‌
دەوڵەت باخچەلی ناڕەزایەتیی بەرانبەر بەڕێوەچوونی "كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كوردی" لە سووریا پێشان دا و ڕای گەیاند، ئەم كۆنفرانسە زیان بە پرۆسەی ئاشتی دەگەیەنێت. 

لە بەرانبەردا دەم پارتی كە شاندێكی تایبەتی ناردبووە كۆنفرانسەكە، دووپاتی لەوە كردەوە بڕیارەكانی دەرچوو لە كۆنفرانسەكە، لە بەرژەوەندیی پێكەوەژیانی گەلانی سووریادایە و وەك پاڵپشتییەك بۆ پرۆسەی ئاشتی لە قەڵەمی دا.

باخچەلی لە لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد: بە پشتگیریی ئەمەریكا و فڕەنسا، پەیەدە و ئەنەكەسە كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كوردییان بەست. لە كۆنفرانسەكەدا بڕیاری دژ بە یەكپارچەیی خاكی سووریا و سەروەرییەكەی درا، پێشنیارگەلێك خراونەتە ڕوو و ناوەندێتی سووریا ڕەت دەكەنەوە. ئەوەشی گوت كە حكوومەتی دیمەشق، بڕیارەكانی كۆنفرانسەكەی ڕەت كردووەتەوە و داوای كرد، ئەم هەڵەیە ڕاست بكرێتەوە و پەیەدە- یەپەگە چەكەكانیان دابنێن و لە چوارچێوەی نەخشەڕێگەیەكدا بچنە پاڵ كۆماری عەرەبیی سووریا.

سەرۆكی مەهەپە دووپاتیشی كردەوە: پێویستە دەم پارتیش دژی بڕیارەكانی كۆنفرانسەكە هەڵوێست پێشان بدات، پێویستە پەكەكە بە زووترین كات كۆنگرەی خۆی ببەستێت، چەكەكانی ڕادەست بكات و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی بدات. پێویستە بێ مەرج بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان جێبەجێ بكەن.

لەلایەكی ترەوە تولای هاتیمئۆغوڵاری هاوسەرۆكی دەم پارتی، قسەكانی باخچەلی ڕەت كردەوە كە گوایە كۆنفرانسی یەكڕیزیی كوردی دژی یەكپارچەیی سووریا و پرۆسەی ئاشتییە و ڕای گەیاند: كۆنفرانسەكە لە بەرژەوەندیی ژیانی هاوبەشی گەلانی سووریادایە. "پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆ بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك. خەمتان نەبێت ئەو كارە پرۆسەی ئاشتی  تێكنادات. ئێمە هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەین و هەموو جۆرە پاڵپشتییەكی پێشكەش دەكەین.".

شایانی باسە بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی میدیایی توركیا، باس لەوە دەكرێت عەبدوڵا ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاش، لە ڕێگەی نامەوە پێوەندییان كردووە و ئۆجەلان داوای لە دەمیرتاش كردووە لە دەرەوە بە ناوی ئەوەوە پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە ببات. لەبارەی بەم زانیارییانە، هاتیمئۆغوڵاری گوتی: زانیاریی پشتڕاستكراومان لە بەردەستدا نییە، بەڵام داواكاریی ئێمەش هەر ئەمەیە.



وشە - سۆران عەزیز