رۆیته‌رز به پشتبه‌ستن به‌و به‌ڵگه‌نامه گرنگانه‌ی له دوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د له سووریا ده‌ستی كه‌وتووه، ئاشكرای كرد كه ئێران له‌و وڵاته به‌نیاز بووه هه‌مان سیاسه‌ت جێبه‌جێ بكات كه ئه‌مه‌ریكا له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی، له ئه‌وروپا جێبه‌جێی كرد كه به سیاسه‌تی مارشاڵ ناسراوه.
به‌ڵگه‌نامه‌كان له باڵوێزخانه‌ی ئێران له دیمه‌شق دۆزراونه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵێك راپۆرت و به‌دواداچوون و به‌ڵگه‌ی جیاواز له‌خۆ ده‌گرن، له راپۆرتێكی 33 لاپه‌ڕه‌ییدا زۆر به وردی باسی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێران له سووریا كراوه، ئێران رێچكه‌ی وڵاتێكی گرتووه‌ته كه به دوژمنی خۆی زانیوه، ئه‌ویش ئه‌مه‌ریكایه.
وه‌ك ئاشكرایه ئه‌مه‌ریكا له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی و ئه‌و وێرانییه‌ی تووشی ئه‌وروپا بووبوو، سه‌رمایه‌یه‌كی زۆری له‌و كیشوه‌ره به‌گه‌ڕ خست و به كرده‌نی هه‌نگاوی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌وروپا نا، به‌ڵام دواجار خۆی قازانجێكی زۆری له‌و سیاسه‌ته‌ی وه‌رگرت و تێیدا سه‌ركه‌وتوو بوو.
ئێران له دوای ساڵی 2011 كه شه‌ڕی ناوخۆیی به‌ربینگی سووریای گرت و ئه‌و ماڵوێرانییه‌ی به‌ر سووریا كه‌وت، رێك هه‌مان سیاسه‌تی بۆ داهاتووی سووریا داڕشتبوو و ده‌یویست رۆڵی سه‌ره‌كی له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سووریادا بگێڕێت و له داهاتوودا به خێر بۆ ئێران بشكێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه رووی نه‌دا و دوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د، هه‌موو ریسه‌كه‌ی ئێران له‌و وڵاته بووه به خوری.
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سووریا پێویستی به 400 ملیار دۆلار بووه، ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌و كۆبوونه‌وه و كۆنفرانسانه‌ی بۆ داهاتووی سووریا هه‌یانبووه، ئه‌و پاره‌یه‌یان دیاری كردووه.
ئێران پێی باش بووه زۆرترین سوودی پێ بگات و جگه له‌وه‌ی كه له داهاتوودا سه‌رمایه‌كی زۆری ده‌ست بكه‌وێت، له هه‌مان كاتدا هه‌ژموونی خۆی له ناوچه‌كه په‌ره پێ بدات و به‌ره‌ی مقاوه‌مه به‌هێزتر بكات.
جێی باسه ئێران دوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د له هه‌شتی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو، جگه له‌وه‌ی كه هه‌موو ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ی له ده‌ست دا له سووریا به‌كاری هێنابوو، پاشه‌كشه‌ی به گرووپه میلیشیاكانیشی كرد و به‌هێزترین گورزی له سووریا و لبنان به‌ركه‌وت، ته‌نانه‌ت ناتوانێ ئه‌و پارانه‌ش له سووریا وه‌ربگرێته‌وه كه له رابردوودا بۆی دابین كردبوو.