پۆلیسی یۆنان هەوڵی خنكاندنی 12 كۆچبەری عێراقی دا "توركیا رزگاری كردن"

:: PM:12:57:02/05/2025 ‌
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران بڵاوی كردووەتەوە، رۆژی چوارشەمی رابردوو 12 كۆچبەری عێراقی كە بە رێگەی نایاسایی ویستبوویان لە دەریادا بپەڕنەوە یۆنان لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە هەوڵی نقوومكردنیان درابوو، بەڵام پۆلیسی كەناراوەكانی توركیا رزگاری كردن و بڕیارە ئەمڕۆیش بگەڕێنرێنەوە عێراق. 

درەنگانی دوێنێ شەو پێنجشەم یەكی ئایار، دەزگای لوتكە لە راگەیەنراوێكدا لە پەڕەی فەرمی خۆی لە زاری كوردە یەشاری نوێنەری دەزگاكەوە بڵاوی كردووەتەوە،  سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەمی رابردوو، 30ی نیسان 12  کۆچبەری عێراقی کەبەڕێگەی نایاسایی ویستویانە لە دەریادا بپەڕنەوە بەرەو وڵاتی یۆنان، لەلایەن پۆلیسی كەناراوەكانی یۆنانەوە ویستوویانە بەلەمەكەیان نووقم بكەن. 

لە راگەیەنراوی دەزگاكەدا هاتووە، تەواوی كۆچبەرەكان لەلایەن پۆلیسی كەناراوەكانی توركیاوە رزگار كراون و بڕیاریشە ئەمڕۆ سەرجەم كۆچبەرەكان لەلایەن توركیا بگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق.


وشە - پۆڵا مەحموود