حكوومەتی ئەمەریكا راپۆرتێكی تێروتەسەل دەداتە كۆنگرێسی وڵاتەكەی، روونی دەكاتەوە كە بۆچی پشتگیریی كورد دەكات. بەپێی راپۆرتەكە، كورد لە سووریا رێگرن لە بەردەم گەشەی داعش.
پشكنەرانی وەزارەتەكانی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریكا راپۆرتەكەیان ئامادە كردووە، لەوێدا ئاماژە بەكۆمەڵێك خاڵ دەكەن كە ئەوان چییان لە عێراق و سووریا لەم سێ مانگەدا كردووە.
بەپێی راپۆرتەكە، كوشتنی عەبدوڵا مەكی موسڵح ریفاعی فەرماندەی باڵای داعش لە ئاداری ئەمساڵ لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق، گورزێكی گەورە بووە لەم وەرزەدا بەر داعش كەوتووە، ئەوان دەڵێن: عەبدوڵا مەكی موسڵح بەرپرس بووە لە هێرشە نێودەوڵەتییەكان.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو پشكنەرانە، تواناكانی داعش لە عێراق سنووردار بوون و هیچ هەوڵێكی رژد نیییە ئەو رێكخراوە جارێكی تر بەهێز بێتەوە، بەڵام نایشارنەوە لێرەولەوێ هێشتا داعش چالاكیی هەیە.
راپۆرتەكە لەبارەی سووریاوە جیاوازە و دەڵێن، مەترسی لەوێدایە كە گومان دەكرێت لەو وڵاتە بەهۆی دەسەڵاتدارانی ئێستەوە، بەهۆی بۆشایی تەناهییەوە داعش گەشە بكات، دەڵێن "ئەگەرچی تا ئێستە داعش هیچ بەرەوپێشچوونێكی دیاری بەدەست نەهێناوە، بەڵام گومان هەیە لە سووریا بكەونەوە خۆیان."
لە كۆتایی راپۆرتەكەدا باس لەوە دەكەن جەنگاوەرە كوردەكان هێزەكانی سووریای دیموكرات لە رەقە و دێرەزوور، "توانای داعشیان بۆ خۆڕێكخستنەوە پەكخستووە"، بەردەوام هەر ناوچەیەك بەدەست هێزی كوردەوە بێت، داعش تێیدا لاواز دەبێت.