شەوی رابردوو ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانیی كردە سەر ناوچە جیاجیاكانی سووریا، ئەوەیش دوای ئەوەی هات كە پێنجشەمی رابردوو هێرشی كردە ناوچەیەكی نزیك لە كۆشكی كۆماری ئەو وڵاتە. ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، بە راگەیاندنی جەنگ هەژمار دەكرێت.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو سێی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، شەوی رابردوو ئیسرائیل بەناوی ئەوەی پشتیوانی لە درووزییەكانی سووریا دەكات كە لەلایەن حكوومەتی تازەی ئەحمەد شەرعەوە هێرشیان لەسەرە، زنجیرە هێرشێكی ئاسمانیی كردە سەر ناوچە جیاجیاكانی سووریا، بەوەیش زیانی زۆی پێ گەیاندووە. بەرلەوە ئیسرائیل هێرشی كردە سەر ناوچەیەكی نزیك لە كۆشكی كۆماری ئەو وڵاتە، بۆیە كردە سەربازییەكانی ئیسرائیل بە راگەیاندنی جەنگ لە دژی حكوومەتەكەی شەرع دادەنرێت.
هێرشە ئاسمانییەكانی شەوی رابردووی ئیسرائیل، دەوروبەری دیمەشق و هەردوو پارێزگای لازقیە و حەمای گرتووەتەوە. تێیدا كەتیبەیەكی سەربازیی لە ناوچەی جەبەل شەعرە لە دەوربەری لازقیە، یەك لە ئامانجەكان بووە. هەروەها چەند پێگەیەكی سەربازی لە گوندی شەتحەی دەوروبەری حەمایش ئامانجی هێرشەكان بووە. تا ئێستە بەروونی ئاشكرا نەكراوە كە زیانی هێرشەكان چەند زیان، بەڵام دەگوترێ زیانەكان زۆرن.
هەر لەبارەی هێرشەكانەوە زیاتر دەگوترێت، هێرش كراوەتە سەر ئیدلیبی باشوور، هەروەها پێگە سەربازییەكانی دەوروبەری دیمەشق و حەما و درعای باكور. لەگەڵیدا فەوجی 41 لە دەوروبەری دیمەشق، بە سێ هێرش بۆردمان كراوە.
هەر دوێنێ هەینی میدیاكان بڵاویان كردەوە، درۆنێكی ئیسرائیل لە گوندی كناكری باشووری رۆژئاوای پارێزگای سویدای باشووری سووریا، چوار سووریایی كوشت. وەك ئەوەی ئاژانسی هەواڵی سووریا "سانا" بڵاوی كردووەتەوە.
هەر دوێنێش سەرۆكایەتیی سووریا لە بەیاننامەیەكدا زۆر بەتوندی رای گەیاند، "پێنجشەمی رابردوو كۆشكی كۆماری لەلایەن ئیسرائیلەوە كراوەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی، ئەوەیش بە مەترسییەكی رژد لە دژی دامەزراوەكانی دەوڵەت و سەروەرییەكەی هەژمار دەكرێت، بۆیە بەرانبەر بە هێرشەكانی ئیسرائیل، بەرەنگاربوونەوە "مقاوەمە" رادەگەیەنن".
كێشەی سووریا لە ساڵی 2011ەوە دەستی پێ كرد كە خۆپێشاندانە جەماوەرییەكە لەو وڵاتە دەستی پێ كرد و مەبەستی ئۆپۆزسیۆنیش رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد بوو. دواتریش رووسیا و ئێران بە روونی هاتنە سەر خەت و پاڵپشتیی رژێمەكەیان كرد و لە رووخان رزگاریان كرد، بەهۆیەوە سەتان هەزار كەس كوژران و میلۆنانی تریش ئاوارە بوون و وڵاتەكەیان جێهێشت. ئێستەیش ئۆپۆزسیۆن بە پاڵپشتی توركیا ئەو وڵاتەی كۆنترۆڵ كردووە.
چەكدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەكانی كە لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن، لە 26ی تشرینی دووەمەوە دەستیان بە هێرشێكی بەرفراوان كرد بۆ سەر ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی بەشار ئەسەد، دواتریش بگەنە دیمەشق و لە بەرەبەیانیی زووی هەشتی كانوونی یەكەمی 2024 رژێمەكەیان رووخاند، بەشار ئەسەد و خێزانەكەی سووریایان بەرەو رووسیا جێهێشت و هەڵاتن.
ئێستە تەحریر شام كۆنترۆڵی وڵاتەكەی كردووە و ئەحمەد شەرع فەرماندەی تەحریر، وەك سەرۆكی سووریا دەستنیشان كراوە و حكوومەتی كاتیی لەو وڵاتە دامەزراندووە.