ڤیكتۆریا تایله‌ر جێگرى یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا دووپاتى ده‌كاته‌وه، گفتوگۆى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق به‌رده‌وامه له‌باره‌ی میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى و ده‌شڵێ، "زوو یان دره‌نگ ده‌بێت عێراق حه‌شد كۆنترۆڵ بكات، چونكه ئه‌و گرووپانه هیچ رۆڵێك له پاراستنى عێراقدا نابینن".
ماڵپه‌ڕى
سۆمه‌رییه نیوز ئه‌مڕۆ شه‌موو سێى ئایار، لێدوانێكى ڤیكتۆریا تایله‌رى بڵاو كردووه‌ته‌وه كه ده‌ڵێ، "مشتومڕمان له‌گه‌ڵ عێراق له‌باره‌ى هه‌ندێك میلیشیاى ناو حه‌شد به‌رده‌وامه، ئه‌مه به نهێنى و ئاشكرا هه‌ڵوێستى ئێمه‌یه".
له به‌شێكى تر‌ى لێدوانه‌كه‌دا ده‌ڵێ، "هه‌میشه گوتوومانه حكوومه‌تى عێراق پێویستى به هه‌نگاونان هه‌یه بۆ كۆنترۆڵكردنى ئه‌و گرووپانه، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌مه‌ریكایه، به‌ڵكو له به‌رژه‌وه‌ندیى عێراقیشه، ئه‌و گرووپانه هیچ رۆڵێك بۆ پاراستنى ته‌ناهیى عێراق نابینن".
شه‌وى رابردوو له راپۆرتێكى ئه‌مه‌ریكیدا بڵاو كرایه‌وه كه ده‌ڵێ، وێڕاى گوشاره‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر عێراق، كه‌چى حه‌شد ژماره‌ى چه‌كداره‌كان و بودجه‌كه‌شى زیاتر بووه.