رۆژی سێی ئایاری هەموو ساڵێك لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە" بە رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەریی دیاری كراوە، لە ئاستی وڵاتانیش نۆ ساڵە لەسەر یەك نەرویچ وەك باشترین وڵات بۆ رۆژنامەنووسان دیاری دەكرێت.
ئەمساڵ رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەری، تیشك دەخرێتە سەر كاریگەرییەكانی زیرەكیی دەستكرد لەسەر ئازادیی رۆژنامەگەری، سەربەخۆیی میدیا، ئامانجی جیهانیی دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و پاراستنی ئازادییە بنەڕەتییەكان و گەشەپێدانی بەردەوام لەو بوارانەدا.
لە كاتێكدا بنەماكانی میدیای ئازاد و سەربەخۆ و فرەیی بە گرنگ ماونەتەوە، كاریگەرییەكانی زیرەكیی دەستكرد لەسەر كۆكردنەوە و پرۆسێسكردن و بڵاوكردنەوەی زانیاری، هەم دەرفەتی داهێنەرانە و هەم ئاڵنگەریی رژد دروست دەكات.
زیرەكیی دەستكرد دەتوانێ پشتگیریی ئازادیی رادەربڕین بكات لە ڕێگەی ئاسانكاری دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، رێگەدان بە كەسانی زیاتر بۆ پێوەندیكردن لە سەرانسەری دنیادا. لە هەمان كاتدا زیرەكیی دەستكرد مەترسیی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەو پێیەی دەتوانرێت بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناڕاست یان چەواشەكارانە و بڵاوكردنەوەی قسەی رقاوی لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە و پشتگیریكردنی فۆڕمی نوێی سانسۆر بەكار بهێنرێت.
هەرچەندە رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور دەڵێت: لە عێراقدا رۆژنامەنووسان لە هەموو لایەكەوە رووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئازادیی رۆژنامەوانی لە عێراق بۆ ئەمساڵ هەنگاوێكی گەورەی ناوە و 14 پلە هاتووەتە پێشەوە.
ئەمڕۆ سێـی ئایار لە رۆژی جیهانی ئازادیی رۆژنامەگەری، رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، راپۆرتێكی درێژی لەسەر بارودۆخی رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن بڵاو كردووەتەوە.
لەبارەی عێراقەوە باس لەوە كراوە، لە نێوان ناسەقامگیریی سیاسی و فشاری داراییدا، رۆژنامەنووسان لە هەموو لایەكەوە رووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە، "دەوڵەت لە پاراستنی رۆژنامەنووسان شكستی هێناوە."
بەپێی ریزبەندی رێكخراوەكەش، عێراق بۆ ئەمساڵ لە پلەی 155ـی وڵاتان دەبینرێت لەبارەی ئازادیی رۆژنامەگەرییەوە، ساڵی رابردوو عێراق لە ریزبەندی 169دا بووە، بەڵام ئەمساڵ 14 پلە هاتووەتە پێشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە پاڵ دەیان وڵاتی تر هەر لە هێڵی سووردایە.
هەر بەپێی ریزبەندییەكە، نەرویج سەلامەترین وڵاتە بۆ رۆژنامەنووسان و پلەی یەكەمی گرتووە، لە دوای ئەویش ئیستۆنیا و هۆڵەندا پلەكانی دووەم و سێیەمیان گرتووە، سوید و دانیمارك و فینلەندا و ئێرلەندا و پرتوگال و سویسرا و چیك، پلەكانی دواتریان گرتووە.
بەپێی ریزبەندییەكەی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، ئەریتریا خراپترین وڵاتە بۆ رۆژنامەنووسان و پلەی كۆتایی و 180 گرتووە، دوای ئەویش كۆریای باكور و چین و سووریا و ئێران و ئەفغانستان دێن.