گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا لە 12ی نیسانی رابردوو لە عومان دەستیان پێ كرد، تا ئێستە سێ گەڕی بەڕێوە چووە و بەرپرسانی هەردوو وڵات دەڵێن گفتوگۆكان ئەرێنین، بەپێی راپۆرتەكانە گەڕی چوارەمی ئەو گفتوگۆیانە جیاوازە، چونكە باسی وردەكاریی تەكنیكی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی تیادا دەكرێت، توێژەرێكی ئێرانیش ئاشكرای دەكات كە خامنەیی دوو مەرجی بۆ بەردەوامیی گفتوگۆكان دیاری كردووە.
ئەمیر مووسەوی بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئەسفەر بۆ توێژینەوە و لێكۆڵینەوە ستراتیجییەكان دووپاتی كردەوە كە عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران رێنوێنیی داوەتە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە بە جێهێشتنی چوارەم گەڕی گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمەریكا ئەگەر دوو مەرجی سەرەكیی سەركەوتنی گفتوگۆكانی پێشێل كرد.
روونی كردەوە، داوا لە عێراقچی، كە سەرۆكی گفتوگۆكارانی ئێرانە كراوە ئەگەر گوێبیستی دوو خاڵ بوو راستەوخۆ گفتوگۆكان جێبێڵێت، یەكەمیان ئەگەر بابەتێك لە دەرەوەی مەبەستی ئاشتییانەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران خرایە روو یان بۆ مەبەستی سەرەكیی بەرنامەكە، ئەوە راستەوخۆ ئەو بابەتە رەت بكاتەوە.
مووسەوی ئاماژەی كرد، دووەم خاڵ ئەگەر لە كاتی گفتوگۆكان گویبَیستی هەڕەشەیەكی ئەمەریكا بوو گفتوگۆكان جێبێڵێت، دووپاتی كردەوە، ئەگەرچی لایەنی ئەمەریكی لە دەرەوەی گفتوگۆكان هەندێك لێدوانی ناتەندروستی سیاسییان هەیە، بەڵام تا ئێستە پابەندی ئەو دوو خاڵەن، لایەنی ئێرانیش پابەندە بە گوێگرتن بۆ ئەمەریكییەكان لە رێگەی ژووری گفتوگۆكان یان لایەنی عومانییەوە.
ئەو توێژەرە زیاتر گوتی، كاتێك ئێران تێبینیی زۆر لێدوانی فەرمیی خراپی لە لایەن ئەمەریكا كرد كە دژبەیەكیی تیادا بەدی كرد، پێی باشتر بوو چوارەم گەڕی گفتوگۆكان دوا بخرێت تا دیدی ئەمەریكا لە گفتوگۆمان یەك دەخرێت، چونكە زیان بە هەر رێككەوتنێكی هەردوولا دەگەیەنێت، بە پێچەوانەی ئێران كە یەك دیدی هەیە.