وادەی چوارەم گەڕی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا دیاری دەكرێت

:: PM:05:24:06/05/2025 ‌

گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لە 12ی نیسانی رابردوو لە مەسقەت بە میانگیریی عومان دەستیان پێ كرد و تا ئێستە سێ گەڕ بەڕێوە چووە، چاوەڕوان دەكرا چوارەم گەڕ بە دانوستانی تیمی تەكنیكیی هەردوولا بەر لە گفتوگۆی شاندی سەرەكیی گفتوگاری ئەوان بەڕێوە بچێت، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێكی رانەگەیەندراو دوا خرا، میدیاكانی ئێران وادە و شوێنی چوارەم گەڕی گفتوگۆكان ئاشكرا دەكەن.

سەرچاوەیەك بە ماڵپەڕی "نوور نیوز"ی ئێرانی راگەیاند، چوارەم گەڕی گفتوگۆ ناراستەوخۆكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە 11ی ئەم مانگە لە مەسقەت بەڕێوە دەچێت، بەر لەوەش ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی لە زاری ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە كە وڵاتەكەی هەوڵ دەدات چوارەم گەڕی گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران لەم هەفتەیە ساز بكرێت.

زیاتر گوتی، لایەنە گفتوگۆكارەكان پێشوەچوون بە دەست دێنن و سەرۆك ترەمپ دەیەوێ بگەن بە چارەسەرێكی دیپلۆماسیانە بۆ ئەو بابەتە، واتە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بۆیەش هەموو هەوڵێك بۆ ئەوە دەدرێت، لای خۆیەوە فاتیمە موهاجیرانی گوتەبێژ بە ناوی حكوومەتی ئێران رای گەیاند كە ئەوان هیچ كێشەیەكیان لەبارەی گفتوگۆكانەوە نییە و چاوەڕوانی راگەیاندنی وادە و شوێنەكەی لە وەزیری دەرەوەی عومان دەكەن. 

موهاجیرانی دووپاتی كردەوە ئێمە تەواو ئامادەین بۆ گفتوگۆكان و وەك پێشتر رامان گەیاندبوو كە بۆ هەموو سیناریۆیەك ئامادەین، بەو پێیەش كە گفتوگۆكان ناراستەوخۆن چاوەڕوانی ئەوەین وەزیری دەرەوەی عومان لەوبارەوە پێمان رابگەیەنێت، بۆ ئەوەی بزانین لایەنی بەرانبەر تا چەند دەیەوێ لە گفتوگۆكان بەردەوامبێت، چونكە ئەو چاوەڕوانییە گومانی ئێمە زیاتر دەكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل