سووریا.. شەرع ئەفسەرێكی دژەكورد دەكاتە بەرپرسی ناوچەكانی رۆژهەڵات

:: PM:07:07:06/05/2025 ‌

لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە كۆتایی ساڵی رابردوو، تا ئێستە دۆخی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی كۆنترۆڵ نەكراوە و لە چەند ناوچەیەك پشێوی هەیە، تا ئێستە كوردانی سووریا، لەوانە بە هەوڵی سەرۆك بارزانی توانیویانە روو لە یەكگرتن و یەكگوتاری بەرانبەر بە دیمەشق بكەن، كەچی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق لەسەر سەپاندنی عەقلیەتێكی ناوەندی و قۆرخكاری بۆ مافی پێكهاتەكان بەردەوامە، ئەو ئەفسەرێكی دژەكورد دەكاتە بەرپرسی تەناهیی ناوچەكانی رۆژهەڵات.

دیمەشق عەمید ئەحمەد هایس ناسراو بە "ئەبو حاتم شەقرا"، وەك فەرماندەی فرقەی 86ی سوپای سووریا و بەرپرس لە پاراستنی شارەكانی رۆژهەڵات رادەسپێرێت، ئەو رابردوویەكی نەیار و دژەكوردی هەیە، لایەنە كوردییەكان دانانی ئەو كەسە وەك خۆدزینەوە لە رێككەوتنی دیمەشق لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی و بەڵێنەكانی هاوبەشی دادەنێن، كە متمانە بە رێككەوتنەكە لاواز دەكات، بەتایبەتی لە سایەی نەبوونی هیچ ئاماژەیەك بۆ لێپرسینەوە.

ئەو كەسە و گرووپەكەی بە ناوی "ئەحرار شەرقییە"، سزای ئەمەریكای لەسەرە، ئەوەش لە دوای تۆمەتباركردنی بە تێوەگلان لە كاری كوشتن، لەوانە كوشتنی هەڤرین خەلەف، ئەمنیداری گشتیی حزبی سووریای دواڕۆژ، كە لە 2019 لە میانی ئۆپراسیۆنی نەبع سەلام لەگەڵ هاوەڵانی كوژران.

هایس تۆمارێكی پڕ لە تۆمەتی هەیە و مشتومڕێكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەرە، بەتایبەتی دوای ئەوەی جارێكی تر ئەمەریكا لە 2021 بە تێوەگلانی راستەوخۆ لە پێشێلكاریی زەقی مافی مرۆڤ تۆمەتباری كرد، لەوانە سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی لەداردان لە گرتووخانەی ئەحرار شەرقییە لە نزیك حەلەب و تێوەگلان لە بازرگانیكردنی بە منداڵ و ژنانی ئێزدی و وەرگرتنی چەكدارانی پێشووی داعش لە ریزەكانی گرووپەكەی.

بۆیە دانانی هایس وەك بەرپرسی فرقەی 86ی سوپای سووریا كە بەرپرسە لە ناوچەكانی زۆرینەی كوردنشین وەك رەقە و حەسەكە و دێرزوور، مەترسیی دروستبوونی پیشێوی لەگەڵ كورد هەیە، بەتایبەتی كە كورد ئەو بە بەرپرسیار لە كوشتنی خەلەف دەزانن، دامەزراندنی هایس لە كاتێكی زۆر هەستیاردا دێت، هاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنی دۆخەكە لە دێرزوور، كە هەسەدە بەرپەرچدانەوەی چەند هێرشێكی داعشی راگەیاند، بۆیە مەترسی لەوە هەیە هایس بەو رابردووە پڕ لە مشتومڕەی ببێتە هەڕەشە لەسەر لێكنزیكبوونەوەی كورد و دیمەشق.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل