پزیشكێك گیرا.. چەندان كەسی بە دەرمانی كوشندە كوشتووە

:: AM:09:45:07/05/2025 ‌
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئەمڕۆ چوارشەم، گرتنی پزیشكێكی ڕاگەیاند كە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی "تاوانی پزیشكی" دژی گیراوەكان لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە بەیاننامەیەكدا لە هەژماری تایبەتی تێلیگرامی خۆی ڕای گەیاندووە، "بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دیمەشق، توانی پزیشكێكی تاوانبار بەناوی بەسام یوسف سەلمان عەلی بگرێت، ئەو یەكێك بوو لەو ئەفسەرانەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا لە نەخۆشخانەی سەربازیی تشرین كاری دەكرد.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، "بەسام یەكێكە لەو كەسانەی دەستی هەیە لەو تاوانە پزیشكییانەی كە بەرانبەر بە گیراوان ئەنجام درابوو، نەخۆشخانەی تشرینی كردووە بە كوشتارگەیەكی مرۆڤ.

لە بەیاننامەكەدا باس لە تاوانەكانی بەسام كراوە و دەڵێت، "هاوبەشێك بووە لە ئەشكەنجەدان و كوشتنی ئەو گیراوانەی كە ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون، ئەوە جگە لە تێوەگلانی لە بازرگانیكردن بە ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ و ڕەشبگیریكردنی خێزانی گیراوەكان.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكە، بەسام بەشدار بووە لە لەناوبردنی ژمارەیەك گیراوی دژبەری رژێمی پێشووی بەعس بە لێدانی دەرزیی مادەی كوشندە لەناو نەخۆشخانەكەدا، ئەوەش پێشێلكردنی ئاشكرای سەرجەم یاسا پزیشكی و مرۆییەكانە.




وشە - سۆران عەزیز