وەك بڕیار بوو لە دوای مردنی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان لە مانگی رابردوو، كاردیناڵەكان لە ڤاتیكان كۆبوونەوەیەكی داخراو ساز بكەن و پاپای نوێ دیاری بكەن، دوێنێ كۆبوونەوەكان ساز كران، بەڵام نەتوانرا پاپای نوێ دیاری بكرێت، وەك میدیاكانی باسیان كرد ئەمڕۆ پاپای نوێی ڤاتیكان هەڵبژێردرا.
كۆبوونەوەی 133 كاردینالی دنیا كە تێكڕای تەمەنیان 70 ساڵە دوێنێ دەستی پێ كرد، كۆبوونەوەكە تەواو داخراو بوو و ئاماژە بۆ گەیشتنیان بە هەڵبژاردنی
پاپای نوێ رەنگی ئەو دووكەڵە بوو كە لە ئاگردانی كلێسای سیستین لە ڤاتیكان بەرز دەبێتەوە، دوێنێ دووكەڵەكە رەنگی رەش بوو وەك ئاماژەیەك بۆ هەڵنەبژارنی پایا، بەڵام ئەمڕۆ دووكەڵی سپی لە كلێساكە بەرز بووەوە وەك ئاماژەیەك بۆ كۆتاهاتنی بابەتەكە و هەڵبژاردنی پاپای نوێی كلێسای كاسۆلیكی.
هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی دووكەڵی سپی دەنگی زەنگوڵەكانی كلێسای قدیس پوترس وەك ئاهەنگێك بە بۆنەی هەڵبژاردنی پاپای نوێ لێ درا، كە هەزاران كریستیان لە گۆڕەپانی كلێساكە وەستان و چاوەڕوانی دووكەڵی سپیی ئاگردانی كلێساكەیان دەكرد، هەرچی ساتی راگەیاندنی ناوی پاپای نوێیە، لە رێگەی راگەیاندنێكی فەرمی لە بەلەكۆنەی كلێساكە دەبێت و هەر لەوێ پاپای نوێ دەردەكەوێت، ئەوەش لە دوای سەعاتێك لە هەڵبژاردنی وەك پاپای نوێی ڤاتیكان.