ئاژانسێكی توركی: پەكەكە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە " پەكەكە ناڕاستەوخۆ پشتڕاستی كردەوە"

:: PM:02:22:09/05/2025 ‌
رۆژنامەی "توركیا"ی نزیك لە ئاكپارتی رای گەیاند، پەكەكە كۆنگرەی خۆی ئەنجام داوە و بڕیاری دانانی چەكیشی داوە و خۆیشی هەڵدەوەشێنێتەوە، لە چەند رۆژی داهاتوویشدا پەكەكە ئەنجامەكانی كۆنگرەكەی رادەگەیەنێت. 

بەپێی رۆژنامە توركییەكە، دوای هەڵوەشانەوەی پەكەكە و لە قۆناغی دواتر، چەند هەنگاوێكی نوێ بەرانبەر ئۆجەلان دەگیرێتە بەر و ئەفسەرێكیشی بۆ دادەنرێت كە هاوكاری بكات و لەگەڵ ئەوەشدا بۆ لەمەودوا رێگەی پێ دەدرێت كە لەگەڵ ئەو كەسانە كۆببێتەوە كە خۆی دەیەوێت و رێگەیشی لێ ناگیرێ كە كۆبوونەوەی زیاتر لەگەڵ دەم پارتی و خێزانەكەی هەبێت. 

لای خۆشییەوە هەر ئەمڕۆ دیوانی كۆنگرەی 12ی پەكەكە راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە لەمبارەوە و ئاشكرای كردووە، لەسەر بنەمای بانگەوازەكەی "ئاپۆ" كە چەكدانان بوو سەبارەت بە كارەكانی پەكەكە كۆنگرەكە بڕیارێكی مێژووی وەرگرت. 


دەقی راگەیەنراوەكەی كۆنگرەی 12ی پەكەكە: 

"کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەكەكە لە نێوان ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو. کۆنگرەکە بە بەشداری نوێنەرانی هەموو بوارەکانی خەبات، لە دوو ناوچەی جیاواز بە هاوتەریب لەگەڵ یەکتر بەڕێوەچوو.

کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەكەكەلەسەر بانگەوازی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆبووەوە. کۆنگرەکە سەرەتا بە ڕێزەوە سڵاوی لە ڕێبەر ئاپۆ کرد، دیدگا و پێشنیارەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی بۆ کۆنگرەکە خوێندەوە و هەڵیسەنگاند. هەروەها ڕاپۆرتی کورتی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکەش لە کۆنگرەکە خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا.

لەم چوارچێوەیەدا کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەكەكە لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە بڕیاری گرنگی مێژوویی وەرگرت.

کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە کە لە مانگی شەهیدان مانگی ئایار بەڕێوەچوو، بەڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە یادی شەهیدە قارەمانەکانی تێکۆشانی مێژوویی ٥٢ ساڵەی کردەوە. بانگەوازی لە گەلی وڵاتپارێزمان و هەموو هێزە سۆسیالیستە دیموکراتەکان کرد کە بە شێوەیەکی دروست خاوەندارێتی لە  هەموو بەها دیموکراتی و نەتەوەییەکانی تێکۆشانی گەورەی ٥٢ ساڵە بکەن، بەتایبەت خاوەنداریی لە شەهیدەکانمان بکەن و یادیان هەمیشە بە زیندووی بهێڵنەوە.

کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەكەكەبەڕێز و پێزانینەوە یادی شەهید سری سوورەیا ئۆندەری کردەوە کە لە ئامادەکارییەکاندا یەکێک لەو کەسایەتییانە بوو کە ڕەنجێکی زۆری دا. بۆ سەرکەوتنی ئامانجی کۆمەڵگای دیموکراسی و ئاشتی ئەم مرۆڤە هێژایە کە ١٢ ساڵ هاوڕێیەتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کرد، بانگەوازی لە هەموو کەسێک کرد بە هاوکاریی یەکتر کاربکەن.

ئەنجامەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەكەكە و زانیاری و بەڵگە فراوانەکان لەسەر بڕیارە وەرگیراوەکان، دوای کۆکردنەوەی ئەنجامەکانی هەردوو ناوچە جیاوازەکە، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکرێتەوە.

لەسەر ئەم بنەمایانە، لە کەسایەتی یەکەمین شەهیدی گەورەمان هاوڕێ حەقی قەراردا، جارێکی تر بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەینەوە. بانگەوازی لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان و دۆستە دیموکراتەکانمان دەکەین کە لە هەموو ناوچەکاندا یادی شەهیدە قارەمانەکانمان بکەنەوەو تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بەرز بکەنەوە


وشە - پۆڵا مەحموود