عێراق تاوتوێی دوورخستنەوەی سەربازانی رژێمی ئەسەد دەكات

:: PM:06:28:10/05/2025 ‌

هاوكات لەگەڵ رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی كانوونی یەكەمی 2024، ژمارەیەك ئەفسەر و سەربازی رژێمەكە روویان لە عێراق كرد و دواتر نەگەڕانەوە، ئەوان لە سەربازگەیەك لە بیابانی ئەنبار گلدرانەوە، راپۆرتەكان باسی ئەوەیان كرد لە لایەن ئێران و میلیشیا شیعەكانەوە لە دژی دیمەشق رێك دەخرێن بۆ دروستكردنی پشێوی لەو وڵاتە، بەرپرسێكی عێراقی ئاشكرای كرد كە حكوومەتی عێراق تاوتوێی دوورخستنەوەیان دەكات.

بەرپرسەكە گوتی، ئێستە حكوومەتی عێراق تاوتوێی پلانێك دەكات بۆ دوورخستنەوەی ئەو ئەفسەر و سەربازانەی لە ساتی رووخانی رژێمی سووریا هاتبوونە عێراق، لە ئەگەری سوودبینین و بەكارهێنانیان لە لایەن هەندێك لە میلیشیاكانی ئێران، بژارەكانی تاوتوێ دەكرێن بریتین لە گەڕاندنەوەیان بۆ سووریا بە رێككەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی ئەو وڵاتە یان بردنیان بۆ دەوڵەتی سێیەم كە وەریان بگرێت.

بەپێی ئەو بەرپرسە تاوتوێكردنی پلانەكە لە دوای راپۆرتەكان دێت بە بوونی چالاكیی ئەو سەربازە سوورییانە، ئەوان لە سەربازگەكانی سەر بە میلیشیاكانی ئێران مەشقیان پێ دەكرێت، بەتایبەتی لە بیابانی ئەنبار، جیا لە گواستنەوەی هەندێكیان بۆ ناوچەكانی وەك جەرف سەخر لە باشووری بەغدا، كە سەربازگەی سەرەكیی میلیشیاكانە.

لەوكاتەی ناوەندە تەناهی و سیاسییەكانی عێراق ترسیان لە ئەگەری سوودبینین لەو ئەفسەر و سەربازانەی سووری هەیە، كە دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی عێراق، عەلی ناسر توێژەری سیاسی پێی وایە حكوومەتی عێراق زۆر باش درك بە قەبارەی هەڕەشەی گریمانكراوی بوونی ئەوان دەكات، لەكاتی بەكارهێنانیان لە لایەن ئەو لایەنانەی سەر بە دەوڵەت نین، بەتایبەتی لە سایەی بوونی لایەنی ناوچەیی هەوڵی باڵادەستی لە ناو عێراق دەدەن.   

ئاماژەی كرد، بۆیە رەنگە ئەوانە ببنە ئامرازێك بە دەستی ئەو هێزانەی هەوڵی تێكدانی پێوەندییەكانی بەغدا و دیمەشق دەدەن، بە دروستكردنی ئۆپۆزسیۆنێك لە دژی حكوومەتی سووریا لە ناو خاكی عێراق، ئەوەش عێراق دەخاتە هەڵوێستێكی زۆر شلۆق لە رووی سیاسی و تەناهییەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل