پاكستان و هیندستان پێشێلكردنی ئاگربەستیان دەست پێ كرد

:: PM:08:00:10/05/2025 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە لەگەڵ پاكستان و هیندستان بۆ ئاگربەست رێككەوتوون، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتیش رایان گەیاند كە پابەندی وەستانێكی راستەوخۆی شەڕن، كەچی دەنگی تەقینەوە و بۆردمان لە هەرێمی جامۆی هیندستانی بیسترا، هیندستان پاكستانی بە پێشێلكردنی ئاگربەست تۆمەتبار كرد.

ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریك رای گەیاند كە دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە شاری سیرانجار لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هیندستانی هەرێمی كشمیر بیستراوە، ئەوەش دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان هەردوو وڵات دوای دەست پێكردنی بۆردمان و شەڕ لە نێوانیان لە هەفتەی رابردوو.

ئاژانسەكە دووپاتی كردەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە جامۆ بیستراوە، لای خۆیەوە عومەر عەبدوڵا سەرۆك وەزیرانی جامۆ و كشمیر گوتی، دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە شاری سرینجار پایەتەختی هاوینەی ویلایەتی جامۆ و كشمیر بیستراوە، سەرچاوەیەكی حكوومەتی هیندستانیش پاكستانی بە پێشێلكردنی ئاگربەست تۆمەتبار كرد، كە ئەمڕۆ بە هەوڵەكانی ئەمەریكا و دەیان وڵاتی تر لە نێوان هەردوو وڵات هاتە راگەیاندن.

وەزیری پەروەردە لە هەرێمی كشمیری پاكستانی دەڵێت، تا ئێستە بە درێژایی سنوورەكان لەگەڵ هیندستان بۆردمانی یەكتر بەردەوامە، شایەتحاڵەكانیش ئاماژە دەكەن كە دوای چەند سەعاتێك لە راگەیاندنی ئاگربەست، بە درۆن هێرش كراوەتە سەر ناوچەی جامۆی هیندستان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل