دواى راگه‌یاندنى خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و چه‌كدادان له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه، عومه‌ر چه‌لیك گوته‌بێژى پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى توركى كه حزبه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمارى توركیایه، هه‌ڵوێستى حزبه‌كه‌ى راگه‌یاند و گوتى، "بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌كه‌كه خاڵێكى وه‌رچه‌رخانى گرنگه".
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 12ى ئایار، دواى راگه‌یاندنى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌كه‌كه و چه‌كدادانى، عومه‌ر چه‌لیك
گوته‌بێژى ئاكپارتى رای گه‌یاند، "بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌كه‌كه و دانانى چه‌ك به ته‌واوه‌تى، له‌گه‌ڵ داخستنى هه‌موو لق و رێكخستنه نایاساكانى، خاڵێكى وه‌رچه‌رخانى گرنگه". چه‌لیك ده‌شڵێ، "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌كه‌كه خاڵێكى گرنگه به ئامانجى به‌دیهێنانى توركیایهكى خاڵى له تیرۆر".
هه‌روه‌ها دووپاتى ده‌كاته‌وه، دامه‌زراوه‌كانى حكوومه‌ت چاودێرى و به‌دواداچوون بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كانى په‌كه‌كه ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ په‌كه‌كه ئه‌نجامى كۆنگره‌ى 12ى خۆى راگه‌یاند كه سێ بڕیار له‌خۆ ده‌گرێت: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێكخستنه‌كانى په‌كه‌كه و چه‌كدادان و وه‌ستاندنى هه‌ر چالاكییه‌ك به‌ناوى پارتى كرێكارانى كوردستانه‌وه.