پەكەكە دوای چەندان ساڵ شەهیدبوونی دوو ئەندامی سەركردایەتیی خۆی رادەگەیەنێت

:: AM:11:53:12/05/2025 ‌
سێ مانگ بەر لە ئێستە دەزگای میدیای "وشە" بڵاو كردەوە كە رەزا ئاڵتوون ئەندامی سەركردایەتیی پەكەكە دیار نەماوە و چارەنووسی نادیارە، ئەمڕۆ لە بەیاننامەی كۆتاهێنان بەپەكەكە ئەو حزبە رای گەیاند، رەزا ئاڵتوون و عەلی حەیدەر شەهید بوون، بەڵام ناڵێت چۆن شەهید بوون.

میدیای توركیا پێشتر بڵاوی كردەوە ڕەزا ئاڵتوون كە لە بوارەكانی دیپلۆماسی و ئابووری پەكەكەدا ناوێكی دیار بوو، لە 10ی ئاداری 2019 و لە كاتێكدا لە قەندیلەوە بەرەو شارۆچكەی سەنگەسەر دەچوو، لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئەوانەوە بۆمباران كرا. لەو هێرشەدا میكایل ئۆزدەمیر ناسراو بە "ناڤدار ئامەد" ئەندامی كۆمیتەی دیپلۆماسی پەكەكە و بەرپرسی پێوەندییە دەرەكییەكانی كەجەكە، ئەمروڵا دورسون ناسراو بە "سەرهات ڤارتۆ" گوتەبێژی كەجەكە و عەلی ئاكتاش ناسراو بە "سینانێ سۆر" كارگێڕی هەرێمی قەندیل گیانیان لە دەست دا. توركیا باسی ئەوەشی كرد لەو هێرشەدا ڕەزا ئاڵتوونیش گیانی لە دەست داوە.

دواتر ڕەزا ئاڵتوون لە 11ی ئایاری 2019دا بەشداری لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا كرد و گوتی، ئەو لە شوێنی ڕووداوەكەدا نەبووە. لەو بەرنامەیەی كە بەشداریی تێدا كرد، بەڕوونی دەركەوت كە دۆخی تەندروستیی باش نییە، دوای ئەو ڕۆژە ڕەزا ئاڵتوون هەرگیز بەشداریی لە هیچ بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا نەكرد و هیچ بابەتێكی نووسراوی نەداوە.

سەرچاوەكانی پەكەكە لە سلێمانی باسیان لەوە كرد، كە دوای برینداربوونی ڕەزا ئاڵتوون، سەرەتا لە سلێمانی، پاشان لە دیمەشق و تاران چارەسەری وەرگرتووە، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باری تەندروستیی زیاتر تێكچووە. بەگوێرەی سەرچاوەكان، ڕەزا ئاڵتوون بەهۆی كێشەی تەندروستییەوە چووەتە فڕەنسا و پزیشكەكان جگە لە كەمكردنەوەی ئازارەكانی، هیچی تریان بۆ نەكردووە. 

دواتر ڕەزا ئاڵتوون لە فڕەنساوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و بە نهێنی لە نەخۆشخانەیەك ڕاگیراوە، پێوەندی لەگەڵ پەكەكەدا هەبووە، دواتریش لە ساڵی 2024دا كۆچی دوایی كردووە.

سەرچاوەكانی پەكەكە پێشتر باسیان لەوە دەكرد كە بارودۆخی ڕەزا ئاڵتوون بە خوشكەكەی كە ناوی نورحەیات ئاڵتوون و خوارزاكانی كە ئەندامی پەكەكەن، ڕاگەیەنراوە و سەرەخۆشییان لێ كردوون. 

پەكەكە لەم ساڵانەدا زۆربەی ئەو كادر و ئەندامانەی شەهید بوون، ماوەیەكی زۆر شەهیدبوونیانی شاردووەتەوە و رای نەگەیاندووە، دوای چەندان ساڵ بەخەمساردییەوە گوتوویەتی فڵان كەس لە فیسار شوێن شەهید بووە.

عەلی حەیدەر قەیتان یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەكەكە، لە ساڵی 2019 دوای ئەوەی كێشەی تەندروستیی هەبوو، لە دەڤەری گارە دەمایەوە، پاشان  بەشێوەیەكی تەماوی دیار نەما.

لە بەیاننامەی كۆنگرەی 12ی پەكەكە ئەمڕۆ 12ی ئایار پاش چەندان ساڵ گوتی، شەهیدبوونی هاوڕێیان عەلی حەیدەر كایتان، یەكێك لە كادرە پێشەنگەكانی پارتیمان كە لە سێی تەمووزی 2018 شەهید بوو، ڕەزا ئاڵتوون كە لە 25ی سێپتێمبەری 2019 شەهید بوو رادەگەیەنین. 

عەلی حەیدەر كایتان، لەدایكبوونی ساڵی 1952 و خەڵكی دەرسیمی باكوری كوردستانە، یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی پەكەكە و ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی ئەو پارتە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما چڤاكێن كورستان (كەجەكە) بوە.و 
 
ڕەزا ئاڵتون لە دایكبووی 1956 و خەڵی شاری قەیسەری توركیایە و یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پەكەكە و لە ساڵی 1978ـەوە پێوەندی بەو پارتەوە كردووە، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری پەكەكە بووە، لە كۆمیتەی سیاسی و پێوەندیەكان كاری كردوۆە.



وشە - سۆران عەزیز