ترەمپ لە یەكەم رۆژی سەردانەكەی چەندی دەستكەوت؟

:: PM:11:07:13/05/2025 ‌

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سەردانێكی چەند رۆژەی بۆ سعوودیە و قەتەر و ئیمارات دەست پێ كرد، لە یەكەم وێستگەی سەر دانەكە گەیشتە ریاز و جیا لە رێككەوتنێكی هاوبەشی ستراتیجیی ئابووری، چەند یاداشتێكی لێكگەیشتنی لە بوارە جیاجیاكان لەگەڵ سعوودیە واژوو كرد، سعوودیە بە بەهای 142 ملیار دۆلار چەك لە ئەمەریكا دەكڕێت.

بەر لە دەست پێكردنی سەردانەكە شارەزایان پێشبینیی دەستكەوتێكی گەورەیان بۆ ترەمپ لەو سێ وڵاتە دەوڵەمەندەی كەنداو كرد، لە یەكەم رۆژی سەردانەكە، سعوودیە بە بەهای 600  ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە ئەمەریكا راگەیاند، جیا لە واژووكردنی رێككەوتنێكی كڕینی چەك بە بەهای 182 ملیار دۆلار و باسی ئەگەری كڕینی فڕۆكەی ئێف35یشیان كرد. 

چەند مانگێك لەمەوبەر محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە رای گەیاند كە وڵاتەكەی 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان و بازرگانی لەگەڵ ئەمەریكا دەكات، ئەوكات ترەمپ رای گەیاند كە داوای لە بن سەلمان دەكات ئەو بڕە پارەیە بۆ ترلیۆنێك دۆلار زیاد بكات، ئەمڕۆ لە میانی سەردانەكەی ترەمپ بۆ سعوودیە، بن سەلمان باسی 600 ملیار دۆلارەكەی كرد و ترەمپیش داوای زیادكردنی كرد.

لای خۆیەوە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە لە كۆڕبەندەكە رای گەیاند كە وڵاتەكەی بای 600 ملیار دۆلار هەلی هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریكا رەخساندووە، لەوانە زیاتر لە 300 ملیار دۆلار رێككەوتن لە كۆڕبەندەكە واژوو كراوە، كار بۆ ئەوەش دەكەین لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو و لە دووە قۆناغ رێككەوتنی زیاتر واژوو بكەین و بڕی پارەكە بگەینین بە ترلیۆنێك دۆلار.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل