قائانی بۆچی سەردانی بەغدا دەكات؟

:: PM:07:31:14/05/2025 ‌

لەگەڵ هاتنەپێشەوەی هەر پرسێكی گرنگ پێوەست بە عێراق، بەتایبەتی لە رووی تەناهییەوە، فەرماندەی فەیلەقی قودس، باڵی دەرەوەی سوپای پاسدارانی ئێران دەگاتە بەغدا، كە رەنگە ئێران تەنیا بەغدای بەدەستەوە مابێت، ئەوجارەیان راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەگەڵ سەردانەكە هاتنی و ناوەڕۆكی سەردانەكەی ئاشكرا كرد.

وەك قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە تویتێك لە تۆڕی ئێكس بڵاوی كردەوە، پێشوازیمان لە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس كرد و لە بەغدا كۆبووینەوە، باسی پەرەسەندنی پێوەندییەكان و هەوڵە هاوبەشەكانمان لە دۆسیەی تەناهی كرد، جیا لە باسكردنی پرسە ناوچەییەكان، دووپات لە سەرخستنی گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران و پابەندیی هەمووان بە گفتوگۆ و هێوركردنەوە بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی بەردەوامی ناوچەكە كرایەوە، ئەو قسانەشی لەگەڵ چەند وێنەیەكی پێشوازیكردن لە قائانی بە پۆشاكی مەدەنی هاوپێچ كرد.

تا ئێستە دوو تێبینی لەسەر سەردانەكەی قائانی هەیە، یەكەمیان كاتی سەردانەكە راگەیەندرا و ئەو بە پۆشاكی مەدەنییەوە هات، دووەمیان بەرلە دوو رۆژ دێت لە لووتكەی عەرەبی لە بەغدا كە لە ناو رێوشوێنێكی توندی تەناهی بەڕێوە دەچێت، پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق لەبارەی سەردانەكەی قائانی دەڵێت، ئەمڕۆ‌و قائانی لە عێراق دەمێنێتەوە و دیداری لەگەڵ سەركردە سیاسییەكان و میلیشیاكان دەبێت، سەردانەكە بۆ پەرەسەندنی دۆخەكە نییە، بگرە بە ئامانجی بەردەوامیدانە بە هێوركردنەوەی دۆخەكە.

لای خۆیەوە ئەحمەد نعێمی شارەزای سیاسی و تەناهی گوتی، ئەگەری هەیە سەردانەكەی قائانی پێوەندی بە ناوخۆی عێراقەوە هەبێت، بە میلیشیاكان و مسۆگەری بەردەوامیی ئەو هێوربوونەوەی لەگەڵ واشنتن و سووریا و دەستوەرنەدان لە كارەكانی هەیە، چونكە ئێران نایەوێ ئەو میلیشیایانە هیچ شتێك بكەن كار لە بەڕێوەچوونی گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەمەریكا بكات، بەتایبەتی لە دوای قسەكانی دوایی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق بە پەلەنەكردن لە بابەتی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل