حەماس ئامادەیە دەستبەرداری فەرمانڕەوایەتیی غەزە بێت

:: PM:07:57:15/05/2025 ‌

لەو كاتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە میانی سەردانی دوایی بۆ سعوودیە باسی ئەگەری گەیشتنی بە ئاگربەست لە كەرتی غەزە كرد، بەرپرسێكی بزووتنەوەی حەماس دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوان گفتوگۆیەكی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەمەریكا لەبارەی شەڕی غەزە هەیە و بۆ گەیشتن بە ئاشتییەكی بەردەوام ئامادەن دەستبەرداری فەرمانڕەوایەتیی غەزە بن.

باسم نەعیم ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی فەرمانگەی سیاسی لە بزووتنەوەی حەماس روونی كردەوە، حەماس پێشنیازی رێككەوتنێكی داوەتە میانگیران و راستەوخۆش گفتوگۆی لەگەڵ هەندێك كەسایەتی لە ئیدارەی ئەمەریكا هەیە، پێی وایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەتوانێت رێككەوتنێك لەبارەی غەزە ساز بكات. 

روونی كردەوە، حەماس داوای ئاڵوگۆڕكردنی دیلەكان و پاشەكشەی تەواوەتیی هێزەكانی ئیسرائیل لە غەزە و رێگەدان بە هاتنەژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ كەرتەكە دەكات، هەروەها ئاوەدانكردنەوەی بێ دوورخستنەوەی دانیشتووانی بەزۆر، ئەوەش دوای وەستانی شەڕ، ئەو ئاماژەی بۆ ئەگەری دەستبەرداربوونی بزووتنەكەی لە فەرماڕەوایەتی لە كەرتی غەزە لە پێناو ئاشتی كرد، كە لە 2006ەوە فەرمانڕەوایەتیی ئەو كەرتە دەكات.

نەعیم دووپاتی كردەوە كە بە ئەمەریكییەكانیان راگەیاندووە ئامادەن راستەوخۆ دەسەڵات رادەست بكەن ئەگەر بگەنە كۆتایی ئەو شەڕە، پێمان وایە ئەگەر گوشاری پێویست بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ، سەرۆكی ئەمەریكا دەتوانێت ئەوە بكات و ئێمەش ئامادەین بۆ هاوكاریكردنی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل