ترەمپ باسی نهێنییەكانی سەردانەكەی بۆ عێراق دەكات لە ساڵی 2018

:: AM:10:09:16/05/2025 ‌
دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا تیشكی خستە سەر گەشتێكی نهێنی كە لە ویلایەتی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی لە ساڵی 2018دا بۆ عێراق ئەنجامی دا و بەوە وەسفی كردووە كە سەردانێكی زۆر گرنگ بوو، سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی داعشی گۆڕی و بەهۆیەوە داعش لەناو چوو. 

لە گوتارێكیدا لە پایتەختی قەتەر، دۆناڵد ترەمپ ئاشكرای كرد كە سەعات سێی بەرەبەیان، لەوكاتەیدا تاریكییەكی سامناك زاڵبوو، فڕۆكەی سەرۆكایەتی "ئێیر فۆرس وەن" بەرەو عێراق رۆیشتم بێ ئەوەی یەك كەس بزانێت. 

كە بەڕێ كەوتین، هۆشدارییە تەناهییەكان "ئەمنییەكان" زۆر رژد بوون، گڵۆپەكانی فڕۆكەكە كوژێنرانەوە، پەردەی پەنجەرەكان داخرابوون، بەسەر خاكی عێراقدا دەفڕین بێ ئەوەی هیچ رووناكیەكمان لێوە دەربچێت. 

ترەمپ لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، شتێكم كرد كە كەس پێش خۆم ئەنجامی نەداوە، ویستم بڕۆمە عێراق و لەوێ چاوم بەوانە بكەوێت تا تێبگەم بۆچی داعش لەناو ناچێت و لەناو نەچووە؟ 

ترەمپ ئاماژەی داوە كە لە عێراق چاوی بە جەنەراڵێكی ئەمەریكی كەوتووە بە ناوی " ریزن كین" و لەوێ لێیم پرسیوە، بۆچی وێڕای ئەو هەموو هەوڵە رژدە بەڵام داعش لەناو ناچێت؟ لە وەڵامدا جەنەراڵە ئەمەریكییەكە پێی گوتووە، ئاسانە بەڵام پێویستم بەوەیە دەسەڵاتی رەهام پێ بدرێت و لە ماوەی سێ هەفتەدا كۆتایی بە داعش دەهێنم. 

ترەمپ ئەوەیشی گوت كە جەنەراڵە ئەمەریكییەكە نیگەران بووە لەوەی فڕۆكە جەنگییە ئەمەریكییەكان ئەو وڵاتانە بێزار دەكەن، لە بەرانبەردا ترەمپ بە جەنەراڵەكەی گوتووە: ئێمە ملیاران دۆلارییان پێ دەدین و لێیان خەرج دەكەین، با تۆزێك بێزاریش قبووڵ بكەن و كەسیش نازانێت فڕۆكەكانمان بۆ كوێ دەڕۆن. 

ترەمپ زیاتر گوتی، دوای ئەوەی دەسەڵاتی رەهام بە جەنەراڵە ئەمەریكییەكەدا چەند مانگێكی كەم دوای سەردانەكەم توانرا كۆنترۆڵی تەواوەتی لەسەر ویلایەتی داعش بكرێت لە سووریا و لە ئاداری 2019 داعش بە تەواوەتی لە شاری باغۆز تێكشكا.


وشە - پۆڵا مەحموود