ئه‌مڕۆ له ئیستانبۆڵ شاندى رووسیا و ئۆكراینا به رێككه‌وتنى ئه‌وه گه‌یشتن، دوو هه‌زار دیلى جه‌نگ بگۆڕنه‌وه و دووپاتیشى ده‌كه‌نه‌وه گفتوگۆكانیان به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 16ى ئایار، دواى ته‌واوبوونى كۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى توركیا و رووسیا و ئۆكراینا، له كۆشكى دۆڵمه باخچه له ئیستانبۆڵ، روسته‌م ئومه‌رۆڤ وه‌زیرى به‌رگرى ئۆكراینا
رای گه‌یاند له‌گه‌ڵ شاندى رووسى رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى دوو هه‌زار دیل بگۆڕنه‌وه "هه‌زار به هه‌زار" دووپاتیشى كرده‌وه كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به ئه‌رێنى به‌ڕێوه‌چووه.
وه‌زیره‌كه‌ى ئۆكراینا ئاشكراى كردووه له‌گه‌ڵ شاندى رووسى باسیان له سێ بابه‌ت كردووه: ئاگربه‌ست، گۆڕینه‌وه‌ى دیل، ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر ئاستى سه‌رۆكایه‌تى.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئیستانبۆڵى نێوان رووسیا و ئۆكراینا به سه‌رپه‌رشتى هاكان فیدان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا به‌ڕێوه‌چووه.
له‌سه‌ر هه‌مان كۆبوونه‌وه، ڤلادیمێر میدینسكى راوێژكارى سه‌رۆكى رووسیا، كه سه‌رۆكى شاندى رووس بوو له دانوستاندنى ئیستانبۆڵ، دووپاتى كردووه‌ته‌وه ئه‌وان له ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كه رازین و ئاماده‌ن له گفتوگۆ به‌رده‌وام بن.
له 24ى شوباتى 2022 رووسیا هێرشى كرده سه‌ر ئۆكراینا و به‌مه‌ش جه‌نگ له نێوان ئه‌م دوو وڵاته هه‌ڵگیرسا و تا ئێسته به‌رده‌وامه. رۆژى یه‌كشه‌مى رابردوو ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكى رووسیا رای گه‌یاند رۆژى پێنجشه‌م له توركیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئۆكراینا كۆده‌بێته‌وه و به‌ڵام دوێنێ شانده‌كه‌ى رووسیا بێ پوتین گه‌یشته توركیا.