ئەمڕۆ لووتكەی 34ـی كۆمكاری عەرەبی لە بەغدا دەستی پێ كرد، ئەوەی جێگەی پرسیار و تێبینی بوو، بۆ یەكەمجارە ئەو ژمارە كەمە لە ماوەی 34 ساڵی رابردوو لە بەشدارانی سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی هەیە.
ئەمڕۆ شەموو 17ـی ئایار، لووتكەی عەرەبی لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق دەستی پێ كرد، بەپێی دواین ئامار تێچووی ئەو لووتكەیە لەسەر عێراق زیاتر لە 600 ملیار دینار كەوتووە.
لەو لووتكەیە ئەوەی تێبینی دەكرێت، لە كۆی 22 دەوڵەتی عەرەبیی ئەندام لە كۆمكاری عەرەبی، بە سەرۆك كۆماری عێراقیشەوە، تەنیا حەوت سەرۆك و پاشا و میری وڵاتانی عەرەبی بەشدار بوون كە سەرۆك كۆماری عێراق، سەركۆماری میسر، شای بەحرێن، ئەمیری قەتەر، سەرۆكی فەلەستین، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەمەن و سەرۆك كۆماری سۆماڵ بوون.
بەهۆی دۆخی تەناهیی عێراق و خراپیی پێگە سیاسییەكەی، زیاتر لە 15 سەرۆك و پاشا و میری وڵاتانی عەرەبی نەهاتوونەتە كۆنگرەكەوە، نوێنەریان لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری ناردووە.
لووتكەی 34ـی بەغدا، ئەگەر بەراورد بە لووتكەی 33ـی عەرەبی بكەین، دەبینین لووتكەی رابردوو لە 16ی ئایاری ساڵی رابردوو بەڕێوە چوو، 14 سەرۆك و پاشا و میری وڵاتانی عەرەبی بەشدار بوون.
بەپێی ئامارەكان، لە مێژووی هەموو ئەو لووتكانەی بەستراون، تەنیا یەك جاری تر ژمارەی سەرۆكەكان بەم ئاستە كەم بەشدار بوون، ئەویش لە لووتكەی عەرەبی ژمارە 27 بوو لە 25ی تەمووزی 2016 لە مۆریتانیا بەسترا و تێیدا هاوشێوەی عێراق، تەنیا حەوت سەركردەی عەرەب بەشدارییان كرد.
ئەو شكستە جگە لەوەی بۆ عێراق بە خراپ لەسەر پێگە سیاسییەكەی دەشكێتەوە، هەمان سیناریۆی ساڵی 2012 دووپات دەكاتەوە كاتێك لووتكەی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوە چوو، تەنیا سەرۆكی كوێت بەشدار بوو، ئەو كاتیش میدیاكان ئەوەیان بە سووكایەتی بۆ پێگەی عێراق لێكدایەوە.