دوای گفتوگۆكانی دوێنێی رووسیا و ئۆكراینا لەبارەی ئاگربەست، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە بەنیازە دووشەمی داهاتوو بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بكات و باسی وەستانی شەڕی ئۆكراینا بكەن.
ئەمڕۆ شەموو
ترەمپ لە پۆستێك لە ترووس سۆشیال نووسیویەتی، دووشەمی داهاتوو لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی رووسیا قسە دەكەم، باسی چەند پرسێك دەكەین لەوانە وەستانی ئەو شەڕەی هەفتانە دەبێتە هۆی كوژرانی پێنج هەزار سەربازی رووسی و ئۆكراینی، هەروەها باسی بازرگانیش دەكەین.
روونی كردەوە، دوای ئەوە لەگەڵ ڤلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا و ژمارەیەك ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆش گفتوگۆ دەكەم، هیوادارم رۆژێكی بە بەرهەم بێت و تیایدا بگەین بە ئاگربەست و ئەو شەڕە وێرانكەرە بوەستێت، ئەو شەڕەی نەدەبوایە دەستی پێ بكرایە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە بەیاننامەیەك رای گەیاند كە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لەگەڵ ماركۆ رۆبیۆ هاوتا ئەمەریكییەكەی بە تەلەفۆن قسەیان لەبارەی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ لە ئیستەنبووڵ كردووە، لاڤرۆڤ ستایشی رۆڵی ئەرێنیی ئەمەریكای لە یارمەتیدانی كییڤ كرد بۆ قبووڵكردنی پێشنیازی پوتین بە دەست پێكردنی گفتوگۆكانی ئیستەنبووڵ دووپاتی كردەوە كە مۆسكۆ ئامادەیە بۆ كاركردنی لەگەڵ ئەمەریكا لەوبارەوە.
دوێنێ هەینی هەریەك لە رووسیا و ئۆكراینا یەكەم گفتوگۆی راستەوخۆیان لە 2022ەوەوە ساز كرد، شاندی ئۆكراینا داوای ئاگربەستێكی بێمەرج و سازكردنی دیدارێكی پوتین و زیلینسكی كرد، بەڵام تەنیا لەسەر ئاڵوگۆڕكردنی هەزار دیل لە هەر سەربازگەیەك رێك كەوتن.