گۆتیرێش: دەبێت سووریا وەك هاووڵاتی سووری مامەڵە لەگەڵ كورد بكات

:: PM:07:41:17/05/2025 ‌

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پەراوێزی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا رای گەیاند كە پێویستە ئیدارەی نوێی سووریا لە دیمەشق وەك هاووڵاتیی سووری مامەڵە لەگەڵ كورد بكات.

ئەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا گوتی، زۆرینەیەكی كورد لە سووریا هەن و ئەوان بەشێكن لە گەلی سووریا، لە ساڵانی رابردوو ئەوكاتەی قسەم لەگەڵ حكوومەتی سووریا دەكرد، دووپاتم لە پێویستیی مامەڵەكردن لەگەڵ كورد وەك هاووڵاتیی سووری كردەوە. 

روونی كردەوە، پێویستە هەموو كۆمەڵگەكان لە سووریا لەو وڵاتە شوێنیان ببێتەوە و بەرجەستە ببن، ئاماژەی بۆ بڕیاری ئەمەریكا بە لابردنی سزاكانی سەر سووریا كرد و گوتی، لابردنی سزاكان رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی پەرەسەندنی ئەرێنی لە هەموو بوارەكان هەبێت.

شایەنی باسە هەفتەی رابردوو گۆڕانكارییەكی گەورە لە دۆخی سووریا رووی دا، كاتێك دۆناڵد ترەمپ لە میانی سەردانەكەی بۆ سعوویە چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی كاتیی سووریا كەوت و بڕیاری لابردنی سزاكانی سەر سووریای دا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكی بە كردەنی دەستی بە رێوشوێنەكانی لابردنی سزاكان كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل