توێژەرێكی سیاسی: سەدر چاوەڕوانی هەلێكی گونجاوە بۆ گەڕانەوە

:: PM:05:42:19/05/2025 ‌

تا ئێستە موقتەدا سەدر هەموو رێگەیەكی بۆ گەڕانەوەی رەوتەكەی بۆ ناو كاری سیاسی و هەڵبژاردنی داهاتوو داخستووە، كەس بە هەنگاوەكانی داهاتووی سەدر نازانێت و ئەوەی هەیە تەنیا پێشبینییە، چالاك و توێژەرێكی سیاسی نزیك لە رەوتەكە باسی ئەوە دەكات كە سەدر چاوەڕوانی هەلێكی گونجاو دەكات بۆ راگەیاندنی گەڕانەوەی بۆ كاری سیاسی.

لەوكاتەی بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بێتە سازكردن و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەموو ئامادەسازییەك بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە دەكات، موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی نیشتمانیی شیعە رای گەیاند كە بەشداری لە هەڵبژاردن ناكەن، هاوكات شارەزایان پێیان وایە ئەو هەڵوێستەی سەدر زیاتر تەكتیكییە و ئەگەری گەڕانەوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆی لە هەر ساتێك هەیە.

موجاشیع تەمیمی توێژەری سیاسیی نزیك لە رەوتی نیشتمانیی شیعە دەڵێت، سەرەڕای راگەیاندنی چەندجارەی سەدر بۆ دووركەوتنەوە لە كاری سیاسی، بەڵام پۆست و تویتە سیاسییەكانی ئاماژەن بۆ ئەوەی پاشەكشەكردنەكەی تەواوەتی نییە و تەكتیكییە، ئەو چاودێرییەكی وردی دۆخەكە دەكات و چاوەڕوانی ساتی گەنجاو بۆ گەڕانەوە دەكات، بۆیە ناكرێت گەڕانەوەی بەدوور بگیرێت، بەتایبەتی ئەگەر چەند دۆسیەیەك بە گەرمی بخرێنە روو وەك شكۆی دەوڵەت و هێڵی نیشتمانی.

روونی كردەوە، لەو دۆسیانەی وا دەكەن سەدر بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی، بریتین لە زیادبوونی گەندەڵی و دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری عێراق یان شكستی حكوومەت لە چاكسازییەكان، كە پێشتر لە وتارەكانی سەرنجی خستووەتە سەر ئەو بابەتانە، ئەوەی دیارە كە رەوتی سەدر خاوەن جەماوەرێكی رێكخراو و كاریگەرە، تەنانەت لە دەرەوەی پەرلەمانیش، بۆیە پاشەكشەكردنی بە هاوشێوەی خۆرێكخستنەوەیە و دەكرێ بگوترێت كە سەدر دوور نەكەوتووەتەوە، بگرە چاوەڕوانی ساتی گونجاو دەكات بۆ گەڕانەوە وەك رزگاركەر لە سایەی ئەو رووخانە پێشبینیكراوەی دۆخی ئێستەی عێراق. 

شایەنی باسە موقتەدا سەدر و رەوتەكەی لە هەڵبژاردنی 2021 زیاترین كورسیی پەرلەمانیان بە دەست هێنا و لەگەڵ سوننە و كورد هاوپەیمانیەتێكی بەهێزیان پێك هێنا، بەڵام شیعەی نزیك لە ئێران نەیانهێشت ئەو هاوپەیمانیەتییە بە تەنیا و دوور لەوان حكوومەت پێك بێنن، بۆیە لە ناوخۆ رێگرییان لێی كرد و لە دەرەوەش گوشارەكانی ئێران وایان كرد سەدر لە ئابی 2022 لە تەواوی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بكشێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل