ترەمپ: رووسیا و ئۆكراینا راستەوخۆ دەست بە گفتوكۆی ئاگربەست دەكەن

:: PM:10:34:19/05/2025 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ڤلادیمێر پوتین هاوتا رووسییەكەی پێوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجام دا، ترەمپ رای گەیاند كە پێوەندییەكەی لەگەڵ پوتین كە دوو سەعاتی خایاند، بە شێوەیەكی باش بەڕێوە چووە و دووپاتی كردەوە كە رووسیا و ئۆكراینا راستەوخۆ دەست بە گفتوگۆی ئاگربەست دەكەن.

ترەمپ سەبارەت بە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ پوتین لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال نووسویەتی، هەر ئێستە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەم لەگەڵ سەرۆك ڤلادیمێر پوتین كۆتایی هات كە دوو سەعاتی خایاند، پێم وایە زۆر باش بەڕٍێوە چوو، دووپاتی كردەوە كە رووسیا و ئۆكراینا راستەوخۆ دەست بە گفتوگۆ بۆ ئاگربەست دەكەن.

روونی كردەوە، لەوەش گرنگتر كۆتاهێنانە بە شەڕەكە، گفتوگۆش لەسەر مەرجەكانی ئاگربەست و كۆتاهاتنی شەڕ تەنیا لە نێوان هەردوولادا دەبێت، چونكە تەنیا خۆیان بە وەردەكارییەكان دەزانن كە هیچ لایەنێكی دەرەكی پێی نازانێت، رووسیا خوازیاری بازرگانییەكی فرەوانە لەگەڵ ئەمەریكا لەوای شەڕ، منیش پاڵپشتی لەوە دەكەم، هەلێكی گەورە لەبەردەم رووسیا هەیە بۆ دابینكردنی هەلی كار و سامانێكی زەبەلاح و بۆ ئۆكرایناش بە هەمان شێوە، دەتوانێت سوودی گەورە لەو بازرگانییە بكات لە رێگەی بنیاتنانەوەی وڵاتەكەی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل