ئەنجوومەنی پیران دەستنیشانكردنی چارڵز كۆشنەر باوكی جارێد كوشنەری زاوای دۆناڵد ترەمپ، وەك باڵوێزی ئەمەریكا لە فڕەنسا و مۆناكۆ پشتڕاست كردەوە.
بەگوێرەی دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا، دەنگدانەكە بە ئەنجامی 51-45 دەنگ بوو، هەنگاوێك كە بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی یاسایی كوشنەر مشتومڕی لێ كەوتەوە، لە ساڵی 2004 بە 18 تاوانی گەورە سزا درا، لەوانە خۆدزینەوە لە باج و گۆڕینی شایەتحاڵەكان، ساڵێك لە گرتووخانەی فیدراڵیدا مایەوە پێش ئەوەی ترەمپ لە كۆتایی خولی یەكەمیدا لێخۆشبوونی سەرۆكایەتیی پێ بدات.
چارڵز كوشنەر تەمەن 71 ساڵ، گەورە بازرگانێكی دیاری خانووبەرەیە و باوكی جارێد كوشنەر هاوسەری ئیڤانكا ترەمپ كچە گەورەكەی سەرۆكی ئەمەریكایە.
چارڵز كوشنەر لە یەكەم خولی سەرۆكایەتیدا وەك ڕاوێژكاری باڵای ترەمپ لە كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كاری كردووە.
پەسندكردنی دەستبەكاربوونی چارڵز كوشنەر لەلایەن ئەنجوومەنی پیران، لە كاتێكدایە پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و فڕەنسا بەهۆی هەڕەشەكانی شەڕی بازرگانییەوە ئاڵۆز بوون، ئەمەش ئاڵنگاریی دیپلۆماسیی بەرچاو دەخاتە بەردەم باڵوێزی نوێ.
ترەمپ، چارڵز كوشنەری بە بازرگانێكی "پێشڕەو" و "درەوشاوە" وەسف كرد و گوتی، "هاوبەشی نێوان ئەمەریكا و فڕەنسا بەهێزتر دەكات".
لە كاتی دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی پیران، پرسیار لە چارڵز كوشنەر كرا لەبارەی ڕابردووی تاوانكارییەكەی، ئەویش ددانی بەوەدا نا كە "هەڵەیەكی زۆر گەورەی كردووە و باجێكی زۆری بۆ داوە".