دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو دۆناڵد تەرمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە میانی سەردانێكی بۆ سعوودیە رای گەیاند كە سزاكانی سەر سووریا لادەبەن و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاش دەستی بە رێوشوێنەكانی لابردنی سزاكان كرد، ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لابردنی سزاكانی سەر سووریایان راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەم وەزیرانی دەرەوەی 27 دەوڵەتی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا لە برووكسل كۆ بوونەوە و لەسەر لابردنی سزاكانی سەر سووریا رێك كەوتن، ئەو سزایانەی لە مانگی ئایاری 2011 لە دوای هەڵگیرسانی راپەڕینەكانی گەلی سووریا بەسەر رژێمی بەشار ئەسەد هاتە سەپاندن.
كایا كالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس لە دوای گفتوگۆی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ئەمڕۆ سێشەم لە برووكسل نووسیویەتی، دەمانەوێ یارمەتیی گەلی سووریا لە بنیاتنانەوەی سووریایەكی نوێ و ئاشتیخواز بدەین، لە ماوەی 14 ساڵی رابردوو یەكێتی ئەوروپا بە بەردەوام لەپاڵ سوورییەكان وەستاوە و لەو هەڵوێستە بەردەوام دەبین.
لای خۆیەوە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا سوپاسی یەكێتی ئەوروپای كرد بۆ لابردنی سزا ئابوورییەكان لەسەر وڵاتەكەی و لە پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، لەگەڵ گەلی سووریا دەستكەوتێكی نوێی مێژوویی تۆمار دەكەین بە لابردنی سزاكانی یەكێتی ئەوروپا كە بەسەر سووریا سەپێنرا بوو، سوپاسی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و هەموو ئەوانە دەكەین كە لەو سەركەوتنە بەشدار بوون، بڕیارەكە ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی سووریا بەهێزتر دەكات.