هەفتەی رابردوو چوارەم گەڕی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا لە عومان بەڕێوە چوو، ئەو گفتوگۆیانەی لە 12ی نیسانی رابردوو ناراستەوخۆ بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەستیان پێ كرد، وەزیری دەرەوەی عومان رای گەیاند كە پێنجەم گەڕی گفتوگۆكان هەینی داهاتوو لە رۆما دێتە سازكردن.
ئەمڕۆ چوارشەم
بەدر ئەلبووسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان لە پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، پێنجەم گەڕی گفتوگۆ ناراستەوخۆكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە رۆمای پایەتەختی ئیتاڵیا لە هەینی داهاتوو 23ی ئایار بەڕێوە دەچێت.
بەڕێوەچوونی ئەم گەڕەی گفتوگۆكان لە ناو لێدوانی دژ بەیەكی بەرپرسانی ئێران و ئەمەریكا دێت، كاتێك بەرپرسانی ئەمەریكا باسی ئەوە دەكەن نابێت ئێران بە هیچ جۆرێك و بە هیچ رێژەیەك توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت، ئەگەر بۆ بەرنامەی مەدەنی پێویستی بێت دەتوانێت هاوردەی بكات، كەچی ئێران پێی وایە ئەوە مافێكی خۆیەتی و بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری نابێت.
بەدەر لەو بینە و بەردەی بەرپرسانی ئێران و ئەمەریكا لە میدیاكان، راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن ئەمەریكا پێشنیازێكی نووسراوی لەبارەی دیدی ترەمپ بۆ شێوەی ئەو رێككەوتنەی واشنتن دەیەوێ لەگەڵ ئێرانی ساز بكات بە شاندی گفتوگۆكاری ئێران داوە و چاوەڕوانی وەڵام دەكات.