دوای ئەوەی نووسینگەی جۆ بایدن سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە كە بایدن تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە و نەخۆشییەكەی زۆر گەشەی كردووە. پزیشكێك كە سەربە كۆمارییەمان لە كۆنگریس رای گەیاند، بەپێی بەداواچوونەكانیان، ساڵێك یان هەندێك زیاتر لە ژیانی باین ماوە.
پێگەی "
شەفەق نیوز" بڵاوی كردووەتەوە كە رۆنی جاكسن كە پێشتر پزیشكی كۆشكی سپی بوو و ئێستە لەسەر لیستی كۆمارییەكان ئەندامی كۆنگریسە، بە روونی رای گەیاند كە بەپێی بەداواچوونەكانی دەركەوتووە، جۆ بایدن بەهۆی نەخۆشییەكەی كە شێرپەنجەیە، 12 تا 18 مانگی لە ژیاندا ماوە، هیوادارین لەوە زیاتر بژی.
جاكسن زیاتر گوتی، وێڕای ئەوەی پسپۆریی من نییە قسە لەسەر نەخۆشییەكەی بكەم، بەڵام لەگەڵ چەندان پزیشكی پسپۆر لە بوارەكانی میزەڕۆ و میزڵدان قسەم كردووە و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، بایدن 12 تا 18 مانگی لە ژیاندا ماوە. هیوادارم كاتەكەی زیاتر بێت، چونكە رەنگە پزیشكان بتوانن چارسەری ئەو نەخۆشییە بكەن، بەڵام ئەوەش روونە كە شێرپەنجەكەی بایدن زۆر گەشەی كردووە.
سێ رۆژ بەر لە ئێستە نووسینگەی جۆ بایدن لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، ئەو نەخۆشییەی جۆ بایدن تووشی بووە، شێرپەنجەی پرۆستاتە و بەجۆرێك گەشەی كردووە، گەیشتووەتە ئێسكەكانی، ئەو جۆرەی شێرپەنجەی پرۆستات پێی دەگوترێ "گلیسۆن 9" و لە كۆمەڵەی شێرپەنجەی پێنجەمە.
لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە، هەینی رابردوو و لە پشكنینەكاندا دووپات كراوەتەوە كە پلەی شێرپەنجەكە گەیشتووەتە كۆتایی و گەشەی كردووەتە سەر ئێسكەكانی. بۆ ئەوەیش بایدن خۆی و خێزانەكەی لەگەڵ پزیشكان خەریكی تاوتوێكردنی جۆری چارەسەركردنی نەخۆشییەكەن.