سوپای ئێران: وەڵامی ئێمە بۆ هەر جۆرە هێرشێکی ئیسرائیل رووخێنەرە

:: PM:04:29:22/05/2025 ‌
عەلی محەمەد نائینی گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد ئەگەر هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتومییەکانی ئێران ئەوا وەڵامی ئێرانیش زۆر رووخێنەر دەبێت.

ئەو قسەیەی گوتەبێژی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت کە دوێنێ میدیاکانی دنیا بڵاویان کردەوە ئیسرائیل خەریکی ئامادەکارییە بۆ هێرشکردنە سەر بنکە ئەتومییەکانی ئێران.

گوتەبێژی سوپای پاسداران روونی کردووەتەوە کە نابێت ئیسرائیل بڕیارێکی ئاوا گەمژانە بدات، چونکە جوگرافیاکەی زۆر بچووکە و بەرانبەر ئێران لەرزۆکە.

پێویستە بگوتڕێ محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش ئەمڕۆ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئێران بەرانبەر دوژمنانی لە ئامادەکارییەکی تەواودایە و بەرپەرچی هەر جۆرە هەڕەشەیەک دەداتەوە.

دوێنێ چوارشەم سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیسرائیل به‌ ته‌له‌ڤزیۆنی سی ئێن ئێنی ئه‌مه‌ریكی گوتبوو، ئیسرائیل هیچ رێككه‌وتنێكی خراپ له‌ نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا قبووڵ ناكات، بۆیه‌ خۆی ئاماده‌ ده‌كات تا هێرش بكاته‌ سه‌ر ناوه‌نده‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران.

سه‌رچاوه‌ ئیسرائیلییه‌كه‌ ئاماژەی دابوو ئیسرائیل ئاماده‌كاریی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌نیا ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ له‌ دژی ئێران جێبه‌جێ بكات.

ده‌گوترێ بڕیاری كۆتایی ئیسرائیل له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران، به‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی دانوستانی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا گرێ دراون و ئه‌گه‌ر به‌دڵی ئیسرائیل نه‌بێت، ئه‌وا هێرشه‌كه‌ ده‌كات.

ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ كاتێكدا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئێران و ئه‌مه‌ریكا سه‌ره‌ڕای سووربوونی هه‌ردووكیان له‌ به‌رده‌وامیدان به‌ دانوستانه‌كان، له‌ میدیاكان دژی یه‌كتر هه‌ڵبه‌زیونه‌ته‌وه‌.

رۆژی سێشەم عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی، پێی وانییه‌ ئه‌و دانوستانانه‌ هیچ ده‌ره‌نجامێكیان هه‌بێت و به‌رگریی له‌ مافی پیتاندن كرد و له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا گوتوویه‌تی، رێگه‌ به‌ ئێران نادات له‌ پیتاندنی یۆرانیۆم به‌رده‌وام بێت.

جێی باسە سبەی هەینی گەڕی پێنجەمی دانوستانە ئەتومییەکان لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێت.



وشە - سلێمان تاشان