بڕیارە سبەی هەینی پێنجەم گەڕی گفتوگۆ ناراستەوخۆكانی ئێران و ئەمەریكا لە رۆمای پایەتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت، ئەو گفتوگۆیانەی لە 12ی نیسانی رابردوو دەستیان پێ كرد و تا ئێستە چوار گەڕی بەڕێوە چووە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە دەكات كە هیچ پێشنیازێكی نووسراویان لە ئەمەریكا بەدەست نەگەیشتووە.
بەپێی
سەرچاوەكان سبەی هەینی ستیڤ ویتكۆف نێردراوی واشنتن و سەرۆكی شاندی ئەمەریكا بۆ گفتوگۆكان سەردانی رۆما دەكات بۆ بەشداریكردن لە پێنجەم گەڕی گفتوگۆكان كە بە میانگیریی عومان بەڕێوە دەچێت، بڕیارە مایكل ئەنتوان گەورە بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و بەرێوەبەری پلاندانانی سیاسەتەكان لە وەزارەتی دەرەوە بەشداری لە گفتوگۆكان بكات.
بەپێی راپۆرتەكان لە چوارەم گەڕی گفتوگۆكان ویتكۆف پێشنیازێكی نووسراوی داوەتە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و سەرۆكی شاندی ئێران لە گفتوگۆكان لەبارەی دیدی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هەر رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی، كەچی عێراقچی رەتی دەكاتەوە كە هیچ پێنیازێكیان بەدەست گەیشتنبێت، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە پیتاندنی یۆرانیۆم ناوەستێت.
لە ماوەی رابردوو هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆكان، بەرپرسانی هەردوو وڵات لێدوانی دژ بە یەك دەدەن، لەوكاتەی ئەمەریكا دووپاتی دەكاتەوە كە بەهیچ شێوەیەك نابێت ئێران مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت و ئەگەر بەرنامەیەكی مەدەنیشی هەبێت، دەبێت پشت بە یۆرانیۆمی پووختكراو لە دەرەوە ببەستێت، كەچی بەرپرسانی ئێران دووپات لە مافی حۆیان لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەكەنەوە.