بەریتانیا بووەتە لانكەی ئیسلامییە كوردەكان و چواریان لێ گیرا

:: PM:01:35:24/05/2025 ‌
چوار گەنجی كورد لە بەریتانیا بەهۆی پاڵپشتی لە داعش و بڵاوكردنەوەی دیمەنی سەربڕین و توندوتیژی، گیران.

بەریتانیا بووەتە لانكەی ئەو كوردانەی كە بیری توندڕەوییان هەیە و ماوەیەكە چەندان گرووپ دەركەوتن، بەشێوەیەكی خێرا مزگەوت دەكەنەوە و بیری توندڕەوی بڵاو دەكەنەوە.

بەگوێرەی راپۆرتی دادگای بەریتانیا، لەم ماوەیەدا گرووپێك لە گەنجانی كوردستان گیراون، سێ لەو كەسانە خەڵكی هەرێمی كوردستان و كەسێكی تریش رۆژهەڵاتی كوردستانە.

 دادوەری دۆسیەكە دەڵێت، ئەمانە بە نهێنی ڤیدیۆی سەربڕین و سووتاندنی سەربازانیان بڵاو كردووەتەوە، پەیامی پشتگیریی لە داعشی بۆ ئەندامانی گرووپێك‌ ناردووە.

ئەمانە بەهۆی پڕوپاگەندە بۆ داعش لە گرووپێكی واتسئەپ گیراون كە دیمەنی سووتاندنی خەڵك و سەربڕینیان بڵاو كردووەتەوە.

ئەم گرووپە ساڵی 2022 دامەزراوە و دوای ساڵێك گرووپەكە ئاشكرابووە، كاتێك تۆمەتبارێكیان لە فڕۆكەخانە گیراوە.

تۆمەتبارە رۆژهەڵاتییەكە لە بەردەم دادوەر گوتوویەتی، ساڵی 2015 هاتوومەتە بەریتانیا بەهۆی ئەوەی مەلا شوان چەكداری ناسراوی داعش، قورئانی فێر كردووم و ناتوانم بگەڕێمەوە كوردستان و ژیانم لە مەترسیدایە.

بەپێی گوتەی دادگا، ئێستە هەر چوار گەنجە كوردەكە لە نێوان چوار بۆ 12 ساڵ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.

لەبارەی ئەوەی بۆچی ئێستە بەریتانیا بووەتە لانكەی توندڕەوانی كورد؟ شوان حەمە كە شارەزای دیاسپۆرای كوردییە، لە گوتارێكدا ئاماژە بەوە دەكات لە چەند ساڵی رابردوودا، ڕەوتی سەلەفی لە ناو بەشێك لە كوردانی بەریتانیا بڵاو بووەتەوە، زۆرینەی ڕەهای ئەو سەلەفییانە خەڵكی باشووری كوردستانن.

شوان دەنووسێت: گەندەڵی و خۆدەوڵەمەندكردن بە ناوی ئیسلام و دروستكردنی مزگەوت لە چەند شارێكی بەریتانیا، گەیشتووەتە ئاستی شەڕی ناوخۆی گرووپە سەلەفییە كوردەكان. تا ئێستە چەندان كەس بریندار بوون و چەند كەسێكیش لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە گیراون.

"سەلەفییە كوردەكانی بەریتانیا، تا ئاستێكی دیاریكراو، كۆمەڵگەیەكی سەربەخۆیان لە چەند شارێكی بەریتانیا دروست كردووە. میكانیزمی كاركردن لەو كۆمەڵگەیەدا، تێكەڵێكە لە مزگەوت و ئاینداری، بازرگانی و بەرژەوەندیی ئابووری و پێوەندیی كۆمەڵایەتی". شوان وای گوت.

"هۆكاری كۆبوونەوەی سەلەفییەكان لە بەریتانیا، پێوەندیی بە دوو هاندەری سەرەكییەوە هەیە، هاندەری یەكەم: لە بەریتانیا سەلەفییەكان دەتوانن منداڵەكانیان بۆ قوتابخانەی ئاینی بنێرن. لەو قوتابخانانە منداڵەكان نەك تەنیا فێری نوێژ و خوداپەرستی دەكرێن، بەڵكو وانەی عەقیدە وەردەگرن، لەگەڵ گەورەبوونیاندا شارەزای بوارە عەقیدەییەكانیش دەبن".

بەبڕوای نووسەر هاندەری دووەم: كاری ڕەش و خۆدەوڵەمەندكردن بە دزی یاساوە، سەلەفییە كوردەكانی بەریتانیا تەنیا پەنابەر و هاووڵاتیی ئەو وڵاتە نین، بەڵكو بەشێكی بەرچاویان لە 15 ساڵی ڕابردوودا، لە سكەندناڤیا و وڵاتانی ترەوە، بۆ بەریتانیا كۆچیان كردووە.



وشە - سۆران عەزیز